"لەیادت بێت، رۆژێك دەمریت"
ڤیدیۆ.. زانكۆیەك گۆڕێك بۆ فێرخوازەكانی ئامادە دەكات تا ئەزمونی مردن بكەن

- 11/6/2019 10:36:00 PM 10118 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

زانكۆیەك لە هۆڵندا، چارەسەرێكی نوێ بۆ ئەو فێرخوازانە پێشكەشدەكات، كە بەدەست ململانێ و كێشەكانی رۆژانەی ژیانی خوێندكارییانەوە دەناڵێنن و سەبارەت بە داهاتویان دڵەڕاوكێیان هەیە، ئەو چارەسەرەش ناوی "گۆڕی پاكبونەوە"یە.

زانكۆی رابردود لە شاری نیمیگن-ی هۆڵندا، پرۆژەی "گۆڕی پاكبونەوە" بە دروشمی"مۆمێنتۆ مۆری"پێشكەشدەكرێـت، كە واتاكەی "لەیادت بێت، تۆ دەمریت"ە، لە پرۆژەكەشدا وێنایەكی تاك و بێوێنە روداوەكانی پاش مردن دەخاتەڕو.

گۆڕێك لە باخچەكە و لە پشتی كەنیسەی ئەو زانكۆ هۆڵندیەدا دروستكراوە، كە پارچەیەك فەرشی یۆگا-ی تێدایە و سەرین-یش بە هەمانشێوە، تا لەكاتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكەدا فێرخوازەكان ئارام بن، ماوەی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكە زیاترە لە 30 خولەك و بەپێی ویستی ئەنجامدەر كاتەكەی درێژدەبێتەوە بۆ چەند كاتژمێرێك.

بەهۆی ئەوەی تیمی پرۆژەكە تاقیكردنەوەیەكی زۆر راستەقینە و دور لە تاقیكردنەوە روكەشەكان ئەنجامدەدەن، بە هەمو جۆرێك بەكارهێنانی مۆبایل و پەرتوك و شتی دیكەی لەو بابەتە لەكاتی تاقیكردنەوەكەدا بە تەواوەتی یاساغە.

ئاجونا سورجادی، یەكێكە لەو فێرخوازانەی تاقیكردنەوەكەی ئەنجامداوە و لەوبارەیەوە دەڵێت "كاتێك بیر لە مردن دەكەیتەوە، دەستبەجێ لەگەڵیدا بیر لە ژیانیش دەكەیتەوە، لەبەرئەوەی نازانیت ژیان بێكۆتا نیە و هەریەكێك لە ئێمە لە قۆناغێكی ژیانماندا گیانمان دەسپێرین، ئەوەش وادەكات بیر لەو شتانە بكەیتەوە كە دەتەوێت لە ژیانتدا ئەنجامیان بدەیت و گرنگترینەكانیان دیاریبكەیت".

بە وتەی چەند فێرخوازێك، پرۆژەكە ناوبانگێكی گەورەی هەیە و زۆرینەی جار ژمارەیەكی زۆریان لە چاوەڕوانیدان بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆژەیە.

هاوكات لەگەڵ ئەو پرۆژەیەدا، زانكۆی رادبود خزمەتگوزای سایكۆلۆجی لە لایەن كەسانی پسپۆڕەوە دەستەبەركردوە، لەكاتی بەڕێوەچونی وەرزەكانی تاقیكردنەوەی وانەكاندا "ژوری گریان" تەرخانكراوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP