میسر؛ كچێكی مێرمنداڵ پیاوێك بە چەقۆ دەكوژێت و دادگا بڕیاری لێخۆشبونی بۆ دەردەكات

- 11/6/2019 10:10:00 PM 59763 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دادگای نەوجەوانانی میسڕ بڕیاری لێخۆشبونی بۆ كچێكی مێرمنداڵ دەركرد، كە بە چەقۆ پیاوێكی كوشتوە و پاشان خۆی رادەستی پۆلیس كردوە.

دۆسیەی ئەمیرە-ی تەمەن 15 ساڵ، ماوەی چوار مانگە بەردەوامی هەیە پاش ئەوەی پێش چوار مانگ لەمەوبەر بە چەقۆیەكی خوێناویەوە خۆی كرد بە ناوەندێكی پۆلیسی شارەكەیدا و پێی راگەیاندون "بەهۆی ئەوەی هەوڵیداوە دەستدرێژی سێكسی بكاتەسەری، شۆفێرێكی مایكرۆپاس-ی كوشتوە".

 لێكۆلینەوەكانی بریكاری گشتی دەریخستوە، ئەو شۆفێرە بە ئەمیرەی راگەیاندوە كە گەر بچێتە ئەو شوێنەی خۆی دیاریكردوە، مۆبایلی هاوڕی كوڕەكەی دەداتەوە كە لای ئەو بوە، ئەمیرە-ش بۆ ئەو مەبەستە چوەتە پێگە دیاریكراوەكە كە ناوچەیەكی شاخاوی بوە.

لەكاتێكدا مەریەم چوەتە ئەو ناوچەیە، شۆفێرەكە هەوڵیداوە دەستدرێژی سێكسی بكاتە سەر ئەمیرە-ی 15 ساڵ، ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی ئەمیرە بە چەقۆ بەرگری لەخۆی بكات و لە دەرەنجامی لێكۆڵینەوەكاندا هاتوە "شوێنی 13 چەقۆ بە جەستەی ئەو شۆفێرەوە دیارە".

پاش ئەنجامدانی ئەو كارە، ئەمیرە بە پۆشاكی خوێناویەوە و لەگەڵ چەقۆ خوێناویەكەی دەستیدا چوەتە ناوەندێكی پۆلیسی شاری تامیە، كە خۆی لەوێ نیشتەجێە و لە فرۆشگایەكی پۆشاك كاردەكات.

دوێنێ سێشەممە، دادگای نەوجەوانان دوای چوار مانگ بڕیاری كۆتایی لەسەر دۆسیەكەی ئەمیرە دا و لە ئێستادا ئەو كچە مێرمنداڵە ئازادكراوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP