بەپەلە

هێزە چەکدارەکانی عێراق پەیامێک ئاراستەی خۆپیشاندەران دەکەن

- 11/6/2019 5:16:00 PM 1933 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -            

وتەبێژی عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، "هەر خۆپیشاندەرێک بیەوێت رێگە سەرەکیەکان بگرێت دەستگیری دەکەین و رادەستی دەسەڵاتی دادوەری دەکەین."
هەر رێگريیەک لەسەر رێگە گشتییەکان وپردەکان ئەنجامدرێت لەلايەن خۆپیشاندەرانەوە، راستەوخۆ رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن

ئەمڕۆ چوارشەممە، لیوا عەبدول کەریم خەڵەف، وتەبێژی عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوایدا رایگەیاند، هەر رێگريیەک لەسەر رێگە گشتییەکان وپردەکان ئەنجامدرێت لەلايەن خۆپیشاندەرانەوە، راستەوخۆ رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن.

وتیشی، هەندێک لەخۆپیشاندەران بە جلوبەرگی سەربازیەوە کاری گێرەشێوێنی بەناوی هێزەکانی ئاسایش عێراقەوە ئەنجامدەدەن، ئەم روداوانە لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشەوە بەدواداچونی لەبارەوەدەکرێت.

راشیگەیاند، هەندێکی دیکەش  کامێراکانی چاودێری و ئامێرەکانی دیکەی هاتوچۆ دەشکێنن، بەو کارانەو چەندین کاری گێرەشێوێنی دیکە زیانی ملیاران دۆلاریان لە موڵکی گشتی داوە.

رۆژی دوشەممەی رابردو ناوبراو رایگەیاندبو، "بەهۆی گوێنەدان و ئاگرکردنەوە لەسەر پردی کۆماری لە ناوەڕاستی بەغدا، ناوبەندە لاستیکییەکانی پردەکە دەسوتێت و لەناودەچێت، کە پردەکەی لەسەر بەندە، ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ هەرەسهێنانی ئەو پردە".

لەیەکی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە بە هەزاران خۆپیشاندەرەی بەغدا و شارەکانی ناوەڕاست و خواری عێراق بە مەبەستی داواکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان  و گۆڕینی سیستمی حکومڕانی لەسەر شەقامن و لە ئێستاشدا خۆپیشاندەران نارەزاییەکانیان بۆ مانگرتن گۆڕیوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP