عادل عەبدولمەهدی سەبارەت بە دۆخی عێراق نوێترین پەیامی راگەیاند

- 11/5/2019 8:16:00 PM 24313 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، كۆمەڵێك داواكاری هەیە كە لەجێی خۆیاندان و بەهانەی تەواون بۆ دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت، وتیشی، ئێمە بە دەسەڵاتەوە نەبەستراوینەتەوە و بەرپرسەكانیش ئامادەن بۆ دەستلەكاركێشانەوە.

عادل عەبدولمەهدی، سەبارەت بە دۆخی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لەمیانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لێدوانیدا و رایگەیاند "چەند رێكارێك هەیە، كە بە بەكارهێنانیان دەتوانین لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا حكومەتی ئێستا هەڵبوەشێنینەوە و رادەستی بكەین، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی حكومەت دەرەنجامەكەی باش نابێت و چارەسەر نیە".

ئاماژەی بەوەشكرد " یاسای هەڵبژاردنەكان ئاڵۆزی و گرژی لەنێوان گەل و سیاسیەكاندا دروستكردوە و بێ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، ناكرێت هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدرێت، هەمواركردنەوەی دەستوریش هەڵبژاردنەكان دەكەوێتە ئەستۆی ئەنجومەنی دادوەری".

سەرۆك وەزیرانی عێراق سەبارەت بە خۆپیشاندەران وتی"پێویستە رێز لە توڕەیی گەلەكەمان بگرین  وگوێیان لێبگرین، جیاوازی لە نێوان ئەو كەسانە دەكەین بە ئاشتی و ئارامی خۆپیشاندان دەكەن و داواكاریەكانیان دەخەنەڕو، لەگەل ئەو كەسانەی بە ئامانجی كاری تێكدەری هاتونەتە سەر شەقام".

راشیگەیاند "فشاری خۆپیشاندانەكان بونەتە هۆی پەسەندكردنی چەند پرۆژەیەك كە پێشتر لە پلاندا هەبون و بە هەلپەسێردراوی مابونەوە، بەهۆی ئەو فشارەشەوە دەكرێت ئەو پرۆژانە بە ئەنجامبگەیەندرێن".

سەبارەت بە هۆكاری نارەزایەتیەكان، عەبدولمەهدی باسی لە كۆمەڵێك فشار و پاڵنەر كرد، كە بەپێی وتەكانی ئەو دۆخەی ئێستای عێراق بەرهەمی ئەو پاڵنەرانەیە كە لەپاش ساڵی 2003وە دروستبون و ئەنجامدراون.

هاوكات لەبارەی هەمواركردنەوەی دەستور، سەرۆك وەزیران رایگەیاند "بێگومان دەستور گشتپرسی بۆ ئەنجامدراوە و لە كاتێكی دیاریكراودا بریاری لەسەرداوە و پەسەندكراوە، ئێستا دەستور بوەتە ئەو چەترەی هەموان لەژێریدان تەنانەت ئەگەر هەندێك كەموكوڕی تێدابێت، كە سەرجەم وڵاتان بەگوێرەی كات و قۆناغەكە بڕیار لەسەر دەستور دەدەن".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP