بەپەلە

"مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە"
نێچیرڤان بارزانی: بە دەستبردن بۆ مافەکانی گەلی کوردستان سەقامگیری نایەتەدی

- 11/5/2019 2:59:00 PM 75908 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام مەرجی یەکەم پاراستنی یەکریزی و یەکهەڵوێستییە، دەشڵێت، "ئەگەر ئامانج لە هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق سەقامگیرییە دەبێت بزانن بە دەستبردن بۆ مافەکانی گەلی کوردستان سەقامگیری نایەتەدی".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان بە بەشداری سەرۆک بەرهەم ساڵح کرد و رایگەیاند، "هەمو بەشداربوان هاوڕابون کە پشتگیری داوا رەواکانی خۆپیشاندەران بکەن، هەروەها لەم کۆبونەوەیەدا باسی ئەوەمان کرد کە پێویست بە هەمو شێوەیەک یەک هەڵوێست بین و بتوانین هاوکاری هەمو هێزە عێراقییەکان بکەین بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی عێراق".
کۆبونەوەیەکی گرنگمان ئەنجامدا، جەختمان لەوەکردەوە کە پشتگیری داوای رەوای خۆپیشاندەران دەکەین

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆبونەوەیەکی گرنگمان ئەنجامدا، جەختمان لەوەکردەوە کە پشتگیری داوای رەوای خۆپیشاندەران دەکەین و هەر هەنگاوێک عێراق بەرەو چاکسازی ببات، پشتگیری دەکەین".
کۆدەنگی لە کوردستان، زامنی پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستانە و دەبێ هەر هەنگاوێک بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور بێت بە کۆدەنگی بێت

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، "کۆدەنگی لە کوردستان، زامنی پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستانە و دەبێ هەر هەنگاوێک بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور بێت بە کۆدەنگی بێت".
باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا کێشەی گەورەی لە نێوان هێزە کوردستانییەکان بە گشتی و یەکێتی و پارتی بە تایبەتیدا نیە، ئەوان خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەنەوە بە دانیشتن و گفتوگۆ دەتوانن هەمو کێشەکانی ناو خۆی هەرێم چارەسەر بکەن.
بەشداریکردنی سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا گرنگ بو

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕو، بەشداریکردنی سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا گرنگ بو، چونکە وردەکاری ئێستای دۆخی ئێستای عێراقی بۆ ئامادەبوانی کۆبونەوەکە خستەڕو.

لە سەرەتای خۆپیشاندانەکاندا گەنجانی عێراق داخوازیی خزمەتگوزاری و هەلی کاریان کردوە، بەڵام دواتر هەندێ لایەن کاریگەری لەسەر رەوتی داواکارییەکان هەبوە 

 

نێچیرڤان بارزانی وتیشی، "لە سەرەتای خۆپیشاندانەکاندا گەنجانی عێراق داخوازیی خزمەتگوزاری و هەلی کاریان کردوە، بەڵام دواتر هەندێ لایەن کاریگەری لەسەر رەوتی داواکارییەکان هەبوە داواکاری گۆڕینی دەستوریان بەرزکردوەتەوە".

باشتروایە هێزەکانی عێراق بەیەکەوە دابنیشن و بزانن کێشەی سەرەکی حکومڕانی عێراق لە کوێدایە

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رونیکردەوە، "باشتروایە هێزەکانی عێراق بەیەکەوە دابنیشن و بزانن کێشەی سەرەکی حکومڕانی عێراق لە کوێدایە، چونکە لە ئەگەری بەردەوامی خۆپیشاندانەکان دۆخی وڵات بەرەخراپتربون دەچێت".

ئەوەشی خستەڕو، "باوەڕناکەم هیچ هێزێکی سیاسی بیەوێت دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستوردا کەمبکاتەوە، چونکە ئەوە ئارامی سیاسی لە عێراقدا دەخاتە مەترسیەوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP