بەپەلە

سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان لەسەر دو خاڵ رێککەوتن
سەرۆک بەرهەم کۆبونەوەی لوتکەی سێ سەرۆکایەتیەکەو لایەنەکان بەڕێوەدەبات

- 11/5/2019 11:12:00 AM 7657 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کۆبونەوەی د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کورستان و لایەنە سیاسیەکانی هەرێم دەستیپێکرد، ئامانجی کۆبونەوەکەش بریتییە تاوتوێکردنی دۆخی عێراق و پرسی هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق.

پەیامنێری خەندان لە هەولێر رایگەیاند، کۆبونەوە د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و سەرکردەی حزبە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و لەبارەی دۆخی ئێستای عێراقەوە گفتوگۆ دەکەن.

له‌ دوایین كۆبونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراقدا به‌ سه‌رپه‌رشتی د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق، له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك رێككه‌تبون و یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانیش هه‌مواركردنه‌وه‌ی چه‌ند بڕگه‌یه‌كی ده‌ستوری عێراق بو.
لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستاندا لەسەر دو خاڵ رێککەوتون


بەپێی زانیاریەکانی خەندان، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستاندا کە بەر لە کۆبونەوەی فراوانی سەرۆک کۆمار لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بەرێوەچو، لەسەر دو خاڵ رێککەوتون، یەکەمیان، "کورد لەم قۆناخەدا دەبێت یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بێت و بەهیچ شێوەیەک پەرتەوازەیی قبوڵناکرێت". 

 

هەرێمی کوردستان بەهیچ جۆرێک لەگەڵ دەستکاریکردنی دەستور نییە

 

بڕیاری دوەمیش ئاماژە بەوەدەکات، "هەرێمی کوردستان بەهیچ جۆرێک لەگەڵ دەستکاریکردنی دەستور نییە، بەڵام ئەگەر بڕیاری هەموارکردن و دەستکاریکردنی درا، ئەوا مەرجی هەرێمی کوردستان ئەوەیە فیدراڵییەتی هەرێمی کوردستان و هەر هەرێمێکی دیکەی فیدراڵ کە لەداهاتودا لە عێراق دروستبێت پارێزراو بێت و سازش لەسەر ئەوە ناکرێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP