بەپەلە

هاوپەیمانی فەتح داوایەک ئاڕاستەی خۆپیشاندەران دەکات

- 11/5/2019 10:19:00 AM 9592 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-       

هاوپەیمانی فەتح داوا لە خۆپیشاندەرانی عێراق دەکات رێگەو پردە سەرەکییەکان نەگرن و کارگەو خوێنندنگە حکومیەکان دانەخەن، ئەنجامدانی ئەو کارەشی بە "زنجیرەیەکی رێکخراو" بۆ تێکدانی بەرژەوەندیە نیشتیمانییەکان ناوبرد.
لەمکاتەدا کە هاوپەیمانیەکەمان لەپشتی خۆپیشاندەرانی عێراقدا وەستاوە، پاڵپشتی خۆمان بۆ کۆبونەوەی رۆژانەی خۆپیشاندەران لە مەیدانی ئازادی و تەحریدا دەردەبڕین

 

هاوپەیمانی فەتح ئەمڕۆ سێشەممە لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە، "لەمکاتەدا کە هاوپەیمانیەکەمان لەپشتی خۆپیشاندەرانی عێراقدا وەستاوە، پاڵپشتی خۆمان بۆ کۆبونەوەی رۆژانەی خۆپیشاندەران لە مەیدانی ئازادی و تەحریدا دەردەبڕین، داوایان لێدەکەین بەرپرسیارێتی خۆیان لە گرتی رێگەوبان، کارگە، خوێندنگە حکومییەکان هەڵبگرن، چونکە بەم کارەیان ئابوری وڵات و بەرژەوەندیە نیشتیمانیەکان تێکدەدەن".
هەندێک لە خۆپیشاندەران یاسا دەشکێنن و دەستدرێژی دەکەنە سەر موڵکی گشتی بەناوی خۆپیشاندان و مانگرتنەوە

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، هەندێک لە خۆپیشاندەران یاسا دەشکێنن و دەستدرێژی دەکەنە سەر موڵکی گشتی بەناوی خۆپیشاندان و مانگرتنەوە، "ئێمە لەگەڵ ئەوەشدا کە سوپاسگوزاری خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکەین، داوایان لێدەکەین کارگەکانی وڵات تێکنەدەن و کارێک نەکەن ناوبانگیان تێکبدات".
هەمو رێوشوێنێکی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی پشێوی و سزادانی لەیاسا دەرچوەکان بگرنەبەر

 

هاوپەیمانی فەتح هاوکات داوای لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق کردوە، "هەمو رێوشوێنێکی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی پشێوی و سزادانی لەیاسا دەرچوەکان بگرنەبەر"، رێگری لەزیانگەیاندن لە گەلی عێراق و داهاتوی رۆڵەکانی بگرن.

لەیەکی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە بە هەزاران خۆپیشاندەرەی بەغدا و شارەکانی ناوەڕاست و خواری عێراق بە مەبەستی داواکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، هەلی کار و گۆڕینی سیستمی حکومڕانی لەسەر شەقامن و لە ئێستادا خۆپیشاندەران ناڕەزاییەکانیان بۆ مانگرتن گۆڕیوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP