بەپەلە

"قەیرانی گەورەی دارایی بەڕێوەیە"
پەرلەمانتارێک هۆشداری دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان

- 11/4/2019 10:32:00 AM 57128 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان هۆشداری دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و رایدەگەیەنێت، ئەگەر ئەم كابینە جددیی نەبێت لە چارەسەركردنی یەكجارەكی قەیرانی ئابوریی و دارایی هەرێم "قەیرانی گەورەی دارایی بەڕێوەیە". 
خۆپیشاندانەكان بەجۆرێ‌ سەرۆك وەزیری عیراقی لە پەل و پۆ خستوە، ئەگەر لە پۆستەكەیشیدا بمێنێتەوە، ناتوانێت نەرمیی بەرانبەر بە كورد بنوێنێت

 

مەم بورهان قانع، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە لەبارەی دۆخی عێراقەوە رایگەیاندوە، "خۆپیشاندانەكانی چەند هەفتەی رابردوی عیراق بەردەوامن، بەجۆرێ‌ سەرۆك وەزیری عیراقی لە پەل و پۆ خستوە، تەنانەت ئەگەر سەرەنجام عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەكەیشی دا بمێنێتەوە، ناتوانێت لە رەوانەكردنی بودجەی ساڵی داهاتودا بۆ پەرلەمان، نەرمیی بەرانبەر بە كورد بنوێنێت، چاوپۆشیی بكات لە كاتكوشتنی هەرێم لە رەوانەنەكردنی نەوتە فرۆشراوەكەیدا بە كۆمپانیای سۆمۆی عیراقیی".
ئەگەر ئەم كابینە حكومەتییەی هەرێم، جددیی نەبێت لەم پرسەدا قەیرانی گەورەی دارایی بەڕێوەیە

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەگەر ئەم كابینە حكومەتییەی هەرێم، جددیی نەبێت لەم پرسەدا و چیتر وەكو كابینەكەی پێشو، گەمە بە كاتكوشتن بكات و لە خەمی چارەسەركردنی یەكجارەكیی قەیرانی ئابوریی و دارایی هەرێم دا نەبێت، قەیرانی گەورەی دارایی بەڕێوەیە".

دانوستانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەولێر و بەغدا گەیشتبوە "قۆناغی کۆتایی"، بەپێی وتەی بەرپرسانی هەرێم هەردولا نزیکبون لە گەیشتن بەچارەسەری کۆتایی بۆ کێشەکان، بەڵام خۆپیشاندانی شارەکانی باشوری عێراق دانوستانەکانی راگرت.
نەرمیی نواندنی هەرێم لەگەڵ بەغدا و رادەستكردنی ئەو بەشە كەمەی نەوتەكە بە بەغداد هەرێم لە قەیرانێكی چاوەڕوانكراوی ئابوریی و دارایی دوردەخاتەوە

 

ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان باسی لەوەشکردوە، "وەكچۆن نەرمیی نواندنی هەرێم لەم پرسەدا لەگەڵ بەغدا و رادەستكردنی ئەو بەشە كەمەی نەوتەكە بە بەغداد (250 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، كە بەهۆی ناشەفافییەتی ئەم پرسەوە لە هەرێم، بەدوری نازانم رۆژانە دوبەرابەری ئەو نەوتەیش بفرۆشرێت)، دەتوانن هەرێم لە قەیرانێكی چاوەڕوانكراوی ئابوریی و دارایی دوربخەنەوە و بە پێچەوانەیشەوە، ئۆباڵی هەر قەیرانێكی دارایی دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێم و دەبێت".

لەبارەی رۆڵی پەرلەمانی کوردستانەوە مەم بورهان قانع دەڵێت، "پەرلەمانی كوردستان-یش لەم پرسەدا بێدەنگ نەبێت و دانیشتنێكی تایبەت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەم پرسە بكات".
لە یەکی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە بە هەزاران خۆپیشاندەرەی بەغدا و شارەکانی ناوەڕاست و خواری عێراق بە مەبەستی داواکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و هەلی و گۆڕینی سیستمی حکومڕانی لەسەر شەقامن

 

لە یەکی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە بە هەزاران خۆپیشاندەرەی بەغدا و شارەکانی ناوەڕاست و خواری عێراق بە مەبەستی داواکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و هەلی و گۆڕینی سیستمی حکومڕانی لەسەر شەقامن و لە ئێستادا خۆپیشاندەران نارەزاییەکانیان بۆ مانگرتن گۆڕیوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە 260 کەس کوژراون و 12 هەزار کەسیش برینداربون.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP