بەپەلە

پلانەكان بۆ داهاتو و سودەكانی پرۆژەكە
چاوپێكەوتن لەگەڵ خاوەنی بیرۆكەی "ھەڵبژاردنی سلێمانی وەك شارێكی داهێنەر"

- 11/3/2019 8:59:00 PM 2853 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-شادان ع.ع

رێكەوتی 31ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، رێكخراوی یونسكۆ سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان كە كارەكانی تایبەتە بە بوارەكانی ئەدەبی و زانستی و كەلتوری، هەریەك لە شارە كوردستانیەكانی سلێمانی و سنە-ی خستە ریزی 66 شاری جیهانی كە بون بە ئەندام لە تۆڕی شارە داهێنەرەكانی جیهان، كە لە ئێستادا ژمارەی ئەو شارانە گەیشتوەتە 246 شار.

دەزگای میدیایی خەندان، سەبارەت بەو بابەتە و بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری ورد لەسەر هەنگاوەكانی پڕۆژەی هەڵبژاردنی شاری سلێمانی بە یەكێك لە شارە داهێنەرەكانی جیهان، لەگەڵ هەریەك لە  دەیڤد شووك، خاوەنی بیرۆكەكە و گەیەنەری بە لایەنە پەیوەندیدارەكانی شاری سلێمانی و دكتۆرە ماری لابرۆس، بەڕێوەبەری دامەزرێنەری گروپی كەشكوڵ لە زانكۆی ئەمریكی لە عێراق چاوپێكەوتنێكی تایبەتی ئەنجامدا و لەو رێگەیەوە وردەكاری گرنگ دەخاتە بەردەم خەڵكی شاری سلێمانی و سەرجەم كورد بە گشتی.

بیرمكردەوە شاری سلێمانی لە بواری ئەدەبیدا زیاتری لە مانچستەر ئەنجامداوە و بە دڵنیاییەوە لە بواری ئەدەبیدا هەڵدەبژێردرێت

سەبارەت بە بیرۆكەی بەشداریپێكردنی شاری سلێمانی  لە كێبڕكێی بون بە ئەندام لە تۆڕی شارە داهێنەرەكانی جیهان، دەیڤد شووك، خاوەنی بیرۆكەكە بە خەندان-ی راگەیاند "بەهۆی ئەوەی ژمارەیەك هاوڕێ و پەیوەندیم هەیە لە شاری مانچستەر، كە ساڵی 2017 چەند هاوڕێیەكم بۆ هەمان پرۆژە كاریان بۆ ئەو شارە كرد، منیش بەهاری ئەمساڵ بیرمكردەوە شاری سلێمانی لە بواری ئەدەبیدا زیاتری لە مانچستەر ئەنجامداوە و بە دڵنیاییەوە لە بواری ئەدەبیدا هەڵدەبژێردرێت، هەربۆیە سەبارەت بە هەنگاوەكانی پڕكردنەوەی فۆرمەكە لەگەڵ هاوڕێكانمدا دوام و سەرەڕای ئەوەی كاتێكی كەممان لەبەردەستدابو، بەڵام كاردانەوەیان ئەرێنی بو پشتگیریان كردین.

دەیڤد شووك، خاوەنی بیرۆكەی هەڵبژاردنی سلێمانی بە شارێكی داهێنەر _ وێنە؛ نینا سوبین

 

دەیڤد لە درێژەی وتەكانیدا باسی لەوەكرد، گروپی كەشكوڵ، كە گروپێكە بۆ وەرگێڕان و توێژینەوەی زانستی و گرنگیەكی زۆر دەدات بە گەنجان، زۆر بەو كارەوە ماندوبون لە ئامادەكاری و پڕكردنەوەی فۆڕمەكە و  لە ماوەیەكی كەمدا ژمارەیەكی زۆر بابەت و توێژینەوەیان وەرگێڕاوە و نوسین و پڕۆژەی خۆیان هەبوە، تا سلێمانی بگاتە ئەو ئامانجە لە یونسكۆ-و بە خۆشحاڵیەوە پێی گەیشت، هاوكات رۆڵی هەریەك لە پارێزگاری سلێمانی و وەزیری رۆشنبیری كرد كە پشتیوانی بیرۆكەكە بون و بەشێكن لە پرۆژەكە.

بە مەبەستی ئەنجامدانی كارەكە بە سەركەوتویی، هەریەك لە ماری و دەیڤد لەگەڵ تیمی كەشكوڵ سەردانی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و شوێنە جیاوازەكانی سلێمانیان كردوە و لەگەڵ ناوەندەكانی بڵاوكردنەوە ئەدەبیەكان و كەسایەتیەكاندا كۆبونەتەوە، تا بتوانن زانیاریەكی باش لەسەر چالاكیە ئەدەبیە كۆن و نوێیەكانی شاری سلێمانی كۆبكەنەوە و بەو داتایانە سلێمانی بەشداربێت لە كێبڕكێكە.

پاش بەدەستهێنانی نازناوەكە، سلێمانی چی دەستدەكەوێت؟

سەبارەت بە سودی هەڵبژاردنی سلێمانی وەك شارێكی داهێنەر لە بواری ئەدەبیدا، دكتۆرە ماری لابرۆس بە خەندان-ی راگەیاند "سودەكان   ماددی و مەعنەویە، لەكاتی پڕكردنەوەی فۆڕمەكەدا، داوامان لێكراوە پلانی شەش پڕۆژە (ئیڤێنت) پێشكەشبكەین و دواتر ئەنجامیان بدەین، كە سێ پرۆژەیان ناوخۆیی دەبێت و سێ دانەكەی دیكە نێودەوڵەتی دەبێت، كە هەردو جۆرەكە هەر لەناو شارەكە ئەنجامدەدرێت، هاوكات داواشمان لێكرا بودجەی ئەو پرۆژانە دیاریبكەین و ئامادەیان بكەین، هەڵبژاردنی سلێمانی بە شارێكی داهێنەر دەستكەوتە بۆ تەواوی خەلكی شارەكە بە تایبەتی و گەلی كورد بە گشتی، پارێزگاریش بە واژۆكردنی ئەو فۆڕم و پرۆژانە و بون بە دەستپێكی ئەم هەنگاوە كارێكی گەورەی ئەنجامداوە.

ماری لابرۆس، بەڕێوەبەر و دامەزرێنەری گروپی كەشكوڵ _  وێنە؛ جاك لونی

 

وتیشی "دەبوایە پارێزگای سلێمانی واژۆی لەسەر هەر شەش پرۆژەكە هەبێت و ئێستاش دەبێت پابەندبێت ئەنجامدانی ئەو پرۆژانە، هەر بۆیە پارێزگار دەستپێكێكی جوانی بۆ شارەكە ئەنجامداوە، هیودارین پارێزگارەكانی داهاتوش گرنگی ئەو كارە ببینن و پەرەی پێبدەن، چونكە گەر پشتگویی بخەن نازناوەكە لەدەستدەدەین".

بەپێی وتەكانی دكتۆرە ماری، لەو شەش پرۆژەیەدا جەخت لەسەر كاری گەنجە نوسەر و وەرگێر و میوزیسیانەكان و ئەوانی دیكە خۆیان بۆ كارەكانیان تەرخان بكەن، تا هەستبكەن ئەو كارانەیان لە هەردو لایەنی ویست و خواستەكانیان لەگەڵ لایەنی ماددیدا بۆ خۆیان و خانەوادەكانیان سودی هەیە و بۆ داهاتوشیان بە هەمانشێوە.

لەكاتێكدا ئەو پرۆژانە ئەنجامدەدرێن، لە روی ناوبانگ و ماددیەوە سودێكی باش بە شارەكە دەگەیەنێت، لەكاتێكدا ئەو بیانیانەی بە مەبەستی بەشداریكردن لە پرۆژەكان سەردانی سلێمانیدەكەن، لە هەمانكاتدا هاوشێوەی گەشتیاردەبن و بە شێوەیەكی ئەرێنی كاریگەری دەخەنە سەر لایەنی ئابوری شارەكە، كاتێكیش سلێمانی بە ئاوەدانی دەبینن و پێگە و خەڵكەكەی دەناسن، د ەبنە هۆكارێك بۆ ناساندنی ئەو شارە لە شوێن و پێگەكانی خۆیان كاتێك دەگەڕێنەوە، ئەوەش دیسان كاریگەریەكی ئەرێنی دەبێت لەسەر ناوبانگی سلێمانی.

كورد لە وڵاتانی رۆژئاوا تەنها بە (جەنگاوەری باش) ناسراون، بۆیە دەتوانن لەم رێگەیەوە پێناسەی خۆیان بگۆڕن

دەیڤد لەوبارەیەوە وتی "ئەوە هەلێكە بۆ كورد كە بتوانێت ئەو پێناسەیەی لە ئێستادا لای وڵاتانی رۆژئاوا  هەیەتی بیگۆڕێت"، كە لە وڵاتانی رۆژئاوا تەنها بە (جەنگاوەری باش) ناسراون، لەرێگەی ئەم پرۆژەیە و ئەنجامدانی كارەكانی دواتر سلێمانی و كورد بە گشتی دەتوانن پێناسەی خۆیان لە تەواوی جیهان بنوسنەوە".

ئەم پرۆژەیە، تەنها تایبەت نیە بە خەڵكی شاری سلێمانیەوە، راستە بەهۆی هەمەجۆری و كۆكردنەوەی پێكهاتە و كەلتورە جیاوازەكانەوە شارەكە ناوەندی ئەدەبی و لێكۆڵینەوە و هونەری، بەڵام دەرگا كراوەیە بۆ تەواوی كورد لە هەر جێگەیەك بن بەشداریبكەن لەو پرۆژەیە و بە نوسین كارە هونەری ئەدەبیەكانیان كەلتور و بەشی ئەدەبی كوردی دەوڵەمەندبكەن.

هەر لە لێدوانەكەیاندا بۆ خەندان، هەریەك لە ماری لابرۆس و دەیڤد-ی هاوسەری رایانگەیاند، بەمنزیكانە نامیلكەیەك سەبارەت بە تەواوی پرۆژەكە و هەنگاوەكانی دواتر بڵاودەكرێتەوە و بە شێوەیەكی شەفاف پلانەكان دەخەینەڕو، داواشدەكەین بێ چاوەڕوانی هەموان بەشداربن.

سەرۆك كۆمار پشتگیری كردین و بەردەوام لەگەڵمان هاوكاربو

بەڕێوەبەری دامەزرێنەری گروپی كەشكۆڵ لە زانکۆی ئه‌مریکی له‌ عێراق، سلێمانی لە چاوپێكەوتنەكەدا، وردەكاری هەنگاوەكانیان بۆ كاركردن لە هەڵبژاردنی سلێمانی لە رێكخراوی یونسكۆ بە شاری داهێنەرانی ئەدەب خستەرو لەوبارەیەوە وتی،"لە سەرەتاوە كاتێك بۆ كارێكی گرنگ چوینە بەغداد كە كارێكی نێودەوڵەتی بو لەگەڵ سەرۆك كۆمار دانیشتین، دواتر دەیڤد شووك-ی هاوسەرم كە خاوەنی بیرۆكەكە بو باسی لەوەكرد كە هەوڵ بدرێت سلێمانی بخرێتە ناو رێكخراوی یونسكۆوە و لەو كاتەوە سەرۆك كۆمار پشتگیری كردین و بەردەوام لەگەڵمان هاوكاربو".


وتیشی "د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ بیرۆكەكەدا بوە و لەڕێگەی پەیوەندییەكانی لە بەغداد یارمەتی زۆری داوین و لەگەڵ نوسینگەی رێكخراوی یونسكۆ لە بەغداد هەماهەنگی باشی بۆ رێكخستون، دواتریش پشتگیری زۆر كردین لە پڕكردنەوەی فۆرمەكاندا".


دامەزرێنەری گروپی كەشكۆڵی زانکۆی ئه‌مریکی له‌ عێراق، سلێمانی وتیشی،"كاتێك چوینە بەغداد و لەگەڵ دكتۆر بەرهەم بۆ بابەتێك دانیشتین و ئەم باسەشمان لەگەڵ كردەوە، زۆر پشتگیری كردین و یارمەتی داین فۆڕمەكە پڕبكەینەوە و هاوكارییەكی مەعنەوی بەهێزی كردین. دەمەوێت بڵێم ئەمە سەرەتایەكە و لەدوای ئەمە چاڵێنجی دیكەمان دەبێـت و ئەوەی كە سلێمانی پێ هەڵبژێردراوە كۆتایی نییە، بەڵكو ئەمە سەرەتایەكە و لە داهاتودا كاری گەورەتر دەكرێت بۆ خزمەتی سلێمانی و كورد".

لای خۆشیەوە، هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەندان رایگەیاند،"سوپاسی هەمو ئەوانە دەكەین كە لە هەڵبژاردنی شاری سلێمانی وەك شاری داهێنەری ئەدەب لەلایەن رێكخراوی یونسكۆوە ماندو بون، ئەمە پرۆژەیەك نییە موفاجەئە بوبێت بۆ ئێمە، ئێمە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەر لە شاری سلێمانی و بەتایبەتی لەگەڵ گروپی كەشكۆڵ لە زانكۆی ئەمریكی و كۆمەڵێك لەو دۆست و دەزگایانەی دیكە و ئەو خەڵكە دەستەبژێرەی هەمانە ماوەیەكی زۆرە كاری لەسەر دەكەین، وە هەمو دۆكیۆمێنت و ئامار و تایبەتمەندییەكان لەسەر رابردو ئێستا و دونیا بینی بۆ ئایندەی ئەدەبی لە سلێمانییدا خۆمان نوسیومانە و ئامادەمانكردوە، بۆیە چاوەڕێی راگەیاندنی بڕیارەكە بوین" 

سەبارەت بەوەی دەوترێت سەرۆك كۆماری عێراق رۆڵی بینیوە لەو پرسەداو هەروەها بەردەوام پشتیوانی پارێزگاری سلێمانی دەكات، وتی "بەڕێزیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتەكان و خەڵك و دامودەزگاكانمان، چ لەكەرتی گشتی بێت یاخود تایبەت یان دەستەبژێران بێت بەشانازییەوە پشتیوانێكی گەورەی حكومەتی خۆجێیەتین، ئێمە سوپاسی هەمو لایەكیان دەكەین كە لە زۆر كات و دۆخ و بابەتدا پشتیوانمان بون و لەگەڵماندا بون، بەتایبەتی گروپی كەشكۆڵ لە زانكۆی ئەمریكی پشتیوانی و رۆڵێكی جوامێرانەیان بینی لەم بابەتەدا".

سوپاسی د. بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و ( دێڤید و ماری) لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی کرد

هاوكات لە كۆبونەوەیەكدا، وەزیری ڕۆشنبیری سوپاسی یۆنسکۆی کرد بۆ ناساندنی شاری سلێمانی وەک شاری داهێنانی ئەدەبی و شاری سنە وەک شاری داهێنانی موزیک. هەروەها وەزیری ڕۆشنبیری سوپاسی د. بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و ( دێڤید و ماری) لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی کرد لە کارئاسانییان  بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم کارە. هەروەها سوپاسێکی تایبەتی ئاراستەی نوسەران و ئەدیبان و شاعیر و هونەرمەندانی شاری سلێمانی کرد کە بەرهەم و نوسین و داهێنانەکانی بواری ئەدەبی ئەوان هۆکاری یەکەمی ئەم ناساندنە نێودەوڵەتییەن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەكی ناو یونسكۆ دەست خەندان كەوتوە، هەر لە سەرەتای بیرۆكەكەوە، سەرۆك كۆماری عێراق، د. بەرهەم ساڵح هاوكارییەكی گرنگی كردوە و داوای لە یونسكۆ كردوە سلێمانی وەك داهێنەری ئەدەب و سنە وەك شاری داهێنەری میوزیك هەڵبژێرێت، ئەوەش بە پشتبەستن بەو بەڵگەنامە و دۆكیومێنتە مێژوییانەی سەرۆك كۆماری عێراق لەسەر ئەو دو شارە كۆیكردوەتەوە و پێشكەشی لایەنە پەیوەندیدارەكانی كردوە. هاوكات سەرۆك كۆمار رۆڵی گرنگی بینیوە لە هەڵبژاردنی شاری بابل وەك شاری شوێنەوار لە رێكخراوەكەدا.

خستنە لیستی شاری بابل بۆ شوێنەوارەكانی جیهان هەوڵی جددی دكتۆر بەرهەم-ی تێدابوە

ئەوە لەكاتێكدایە، 5ی تەمموز-ی ئەمساڵ، رێكخراوی یونسكۆ بڕیاریدا شوێنەوارەكانی بابل بخاتە لیستی شوێنەوارەكانی جیهانەوە، پاش ئەوەی رێكەوتی 30ی نیسان سەرۆك بەرهەم ساڵح لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەروەردە و زانست و رۆشنبیری (یۆنسکۆ) خاتو ئودری ئەزولای، رێكکەوتن لە بارەی كۆكردنه‌وه‌ی پشتگیری بۆ داوای عێراق لە سەر دۆسیەی تۆمارکردنی شوێنەوارەكانی بابل لە لیستی شوێنەوارەکانی جیھاندا. 

لە هەمانكاتدا، 14ی تشرینی دوەمی 2019، لەژێر چاودێری دكتۆر بەرهەم، سەرۆك كۆماری عێراقدا و لە ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا یەكەمین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە شاری سلێمانی دەكرێتەوە و ماوەی 10 رۆژ دەخایەنێت.

رۆژی 10/31/2019 لە ئاهەنگى رۆژى شارە جیهانیەکاندا، رێکخراوى یونسکۆ شارى سنە-ى وەک شارێکى میوزیکی داهێنەر و شارى سلێمانى وەک شارێکى ئەدەبى داهێنەر لەجیهاندا خستە لیستى 66 شارە داهێنەرەکەی جیهانەوە و هەردو شارەکەش بون بە ئەندامى تۆڕى جیهانى 246 شارى داهێنەرى یونسکۆ.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP