بەپەلە

رفاندنی خۆپیشاندەران رێگایەکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە نارەزایەتیەکانی شەقامی عێراقی

- 11/3/2019 4:13:00 PM 1904 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە روبەروبونەوەی خۆپیشاندەرانەوە بۆ رفاندنی سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەکان

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لەعێراق رایگەیاند، داوایان لە حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان کردوە بەخێرایی چارەنوسی چالاکوانی مەدەنی سەبا مەهداوی دیاریبکەن کە لە دوێنێ شەممەوە لەلایەن هێزێکی نەناسراوە لە بەغدا رفێنراوە.
هێزێکی نەناسراو لە کاتی گەڕانەوەی لە گۆڕەپانی تەحریرەوە بۆ ماڵەوە سەبا مەهداویان فڕاندوە

لە پێشهاتێکی نوێدا و بە ئاڕاستەی کۆتاییهێنان بە نارەزاییەکانی بەغدا و شارەکانی ناوەڕاست و خواری عێراق، دوێنێ شەممە هێزێکی نەناسراو لە کاتی گەڕانەوەی لە گۆڕەپانی تەحریرەوە بۆ ماڵەوە سەبا مەهداویان فڕاندوە و لە ئێستادا چارەنوسی نادیارە.

لەو بارەیەوە چالاکوانەکان لە تویتەر نوسیویانە، سەبا مەهداوی چالاکوانی خۆپیشاندانەکان لەشاری بەیاعی سەنتەری قەزای کەرخ رفێنراوە کە دەکەوێتە رۆژئاوای بەغدا.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، "ئەو کەسانەی چالاکوانەکەیان رفاندوە ئۆتۆمبێلێکی رەنگ سپی جۆری هۆندا توسانیان پێبوە و کە ژمارەکەی دیاریکراو بوە و بەرەو ناوچەی زیونەیان بردوە".

هاوکات کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، سەبا مەهداوی پزیشکێکی خۆبەخش بوە و چارەسەری پزیشکی پێشکەشی بریندارانی خۆپیشاندانەکان کردوە.

داواشدەکات، هێزە ئەمنییەکان چارەنوسی ئەو چالاکوانە و تەواوی ئەو کەسانەش لە خۆپیشاندەران، چالاکوان و رۆژنامەنوسان ئاشکرابکەن کە لەماوەی رابردودا لە شارە جیاوازەکانی عێراق رفێنراون یان هەوڵی رفاندانیان دراوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP