بەپەلە

تورکیا: وڵاتەکەمان بەربەستی کۆتاییە لەنێوان وڵاتانی ئەوروپا و تیرۆرستاندا
تورکیا ئیدانەی ناساندنی پەکەکە و یەپەگە وەک هاوپەیمان لە ئەنجومەنی نیشتیمانی فڕەنسا دەکات

- 11/3/2019 3:50:00 PM 962 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -        

وەزارەتی بەرگری تورکیا داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد رێز بۆ ئەو هەڵوێستەی تورکیا دابنێن، کە بوەتە بەربەستی کۆتایی لەنێوان ئەوروپا و تیرۆرستاندا، ئیدانەی بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان و ناساندنی پەکەکە ویەپەگەشی کرد وەک هاوپەیمانی ئەنجومەنی نیشتیمانی فرەنسا.

ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی بەرگری تورکیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە"پێویستە وڵاتانی ئەوروپا باش تێبگەن، کە تورکیا بەربەستی کۆتاییە لەنێوان ئەوروپا و تیرۆرستاندا".

ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا ئیدانەی بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان دەکات لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە، هەروەها ئیدانەی ئەنجومەنی نیشتیمانی فرەنساشی کرد کە پەکەکە و یەپەگەی وەک هاوپەیمان ناساندوە.

وتیشی، بە جینۆسایدناساندنی ئەرمەنیەکان و سەپاندنی سزا لەلایەن واشنتۆنەوە بۆ سەر وڵاتەکەمان، دژ بە رێککەوتننامەی 17ی ئۆکتۆبەر و هاوپەیمانی نێوان ئەو دو وڵاتەیە.

سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەنجومەنی نیشتیمانی فڕەنسا لەدژی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکەی تورکیا لە رۆژئاڤای کوردستان وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند" ئەوە هەوڵێکە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی و گەلی فرەنسا بەتایبەتی".

دوێنێ شەممە سڵێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن ئەوان ناچاردەبن، زیندانیانی داعش رەوانەی وڵاتەکانیان بکەنەوە

29ی ئۆکتۆبەری رابردو كۆنگرێسی ئەمریكا بە دەنگی 223 ئەندامی كۆنگرێس پڕۆژە یاسای كۆمەڵكوژی ئەرمەنییەكانی لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵانی 1915 بۆ 1917 پەسەندكرد،  به‌ڵام ئه‌نقه‌ره‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ "جینۆساید" بوبێت و ده‌ڵێت، ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌نیدا روبه‌ڕوی جه‌نگێكی ناوخۆیی و هاوكات برسێتی بوەته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش بوەته‌هۆی كوژرانی 300 بۆ 500 هه‌زار ئه‌رمه‌نی و ژماره‌یه‌كی هاوشێوه‌ی تورك.

نیشانەکردن :

#تورکیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP