دە مەترسیدارترین کەیسی رۆژنامەنوسی لەجیهاندا

- 11/2/2019 7:20:00 PM 3438 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەترسییەکانی کاری رۆژنامەوانی لەجیهاندا بەرەو زیادبون دەڕوات، بەتایبەتی لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناویندا کاتێک دەست بۆ پرسە هەستیارەکانی وەک گەندەڵی و کاری ئابڕوبەرانەی دەسەڵاتداران دەبرێت.

تائێستا کەیسی کوشتنی نوسەر و رۆژنامەنوسی بەرەگەز سعودی، جەمال خاشقی لەسەرو لیستی مەترسیدارترین کەیسەکانی کاری رۆژنامەوانیدایە لەجیهاندا کە بەرپرسانی باڵای سعودیە و بەتایبەتیش محمد بن سەلمانی شازادی سعودیە لەکوشتنی تێوەگلاوە.

رۆژنامەی تایمی ئەمریکی لیستی مەترسیدارترین کەیسەکانی پەیوەندیدار بەکاری رۆژنامەوانی و ئازادی رادەربڕین بڵاوکردۆتەوە و تێیدا کەیسەکانی بەمجۆرە ریزبەندکردوە.
یەکەم/ کەیسی رۆژنامەنوس جەمال خاشقچی لەسعودیە. ساڵێک بەسەر کەیسی کوشتنی جەمال خاشقچیدا تێپەڕیوە و تائێستا بەرپرسانی سعودیە لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانەیان لەوبارەیەوە ئەنجامنەداوە، سەرەڕای زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لەبارەی تێوەگلانی شازادە محمد بن سەلمان. 

دوەم/کەیسی کوشتنی ئەسرا عادل فەتاح لەمیسر، ئەسرا بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست دەستگیرکراو لەزینداندا ئەشکەنجەدرا. ئەو بەتۆمەتی پشتیوانیکردنی خۆپیشاندانەکان دەستگیرکرا و مانی لەخواردن گرت بەهۆی ئەو دەستدرێژییە سێکسییانەی کە کرابوەسەری، دواتر بەکەلەپچەکانی هەڵواسرا پاش ئەوەی رەتیکردەوە پاسۆردی موبایلەکەی تەسلیم بکات، بەوهۆیەشەوە گیانی لەدەستدا.

سێیەم/ کەیسی ئازۆری گوانا لەتەنزانیا، رۆژی 21-ی ئەم مانگە دو ساڵ بەسەر دیارنەمانی کەیسی رۆژنامەنوسی ئازاد، ئازۆری گوانای تێدەپەرێت و تائێستا کەیسەکەی یەکلایی نەکراوەتەوە. ئەو رۆژنامەنوسە کاری لەسەر ئاشکراکردنی نهێنییەکانی کوشتن دەکرد لەتەنزانیا و خۆشی بەوهۆیەوە لەناوچو، بەرپرسێکی باڵای حکومەت رایگەیاند، ئازۆری دیارنەماوە و لەناوچەوە، دواتر لەوتەکەی پەشیمان بوەوە.

چوارەم/ کەیسی کوشتنی میرۆسلاڤا بریچ لەمەکسیک. میرۆسلاڤا پەیامنێری رۆژنامەی مێکسیکۆ ستی بو، ئەو لەمانگی مارسی 2017 کوژرا، بەهۆی ئاشکراکردنی پەیوەندی سیاسەتمەداران بەتاوانەکانەوە. تائێستا کەیسی تاوانەکە لەدادگایە، بەڵام هیچ بەرەوپێشچونێکی بەخۆوە نەبینیوە.

پێنجەم/ کەیسی کوشتنی شوجاد بوخاری لەهندستان. بوخاری دامەزرێنەر و سەرنوسەری رۆژنامەی ( رایزینگ کشمیر) بو لە مانگی حوزەیرانی 2018 لەگەڵ دو پۆلیسی دیکەدا تەقەی لێکراو کوژرا. پۆلیس چوار گومانلێکراوی بەتۆمەتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە دەستگیرکرد، دواتر یەکێکیان کوژرا و پۆلیسیش هیچ هەنگاوێکی دیکەی لەو کەیسەدا نەناوە.

شەشەم/ کەیسی رۆژنامەنوس نافۆسات ئولۆشکروڤا لەئوزباکستان. ئەو رۆژنامەنوسە کەخاوەنی ماڵپەڕێک بوە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانی، بەڵام دەستگیردەکرێت و توند دەکرێت لەناوەندێکی نەخۆشییە دەرونییەکان بەتۆمەتی بەشداریکردن لەکۆبونەوە رێگەپێنەدراوەکان. پێش دەستگیرکردنی کارێکی رۆژنامەوانی لەسەر هەوڵەکانی بەرپرسێکی ئەو وڵاتە بڵاوکردۆتەوە بۆ ئەنجامدانی تاوانێک لەدژی دورخستنەوەی. خێزانەکەی دەلێن لەمانگی دیسەمبەری رابردوەوە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵی نەماوە.

حەوتەم/ کەیسی دەستگیرکردن و دیارنەمانی محمد حسین لەمیسر. محمد حسینی رۆژنامەنوس لەگەڵ کەناڵی جەزیرە کاریدەکرد، ئەو بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و دژایەتیکردنی دامەزراوە حکومییەکان دەستگیرکرا. هەرچەندە سەرەتا بڕیاربو ماوەی دەستگیرکردنەکەی بۆ 15 رۆژبێت، بەڵام تائێستا بەبەردەوامی هەمو 45 رۆژێک هێشتنەوەی لەزیندان نوێدەکرێتەوە و کەسوکارەکەشی دەڵێن پەیوەندییان لەگەڵی نەماوە. 

هەشتەم/ کەیسی کوشتنی دافنە گالیزیا لە ماڵتا. دو ساڵ بەسەر گیانلەدەستدانی رۆژنامەنوسی لێکۆڵەر دافنە گالیزیا لەماڵتا تێپەڕیوە کە بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک گیانی لەدەستدا. هەرچەندە سێ کەس بەهۆکاری کوشتنەکەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا، بەڵام کەس سزا نەدراو تائێستاش ئەو کەیسە بەنادیاری ماوەتەوە.


نۆیەم/ کەیسی زیندانیکردنی هەتاهەتایی ئاگبا جالینگۆ لەنێجیریا. ئەو رۆژنامەنوسێکی بەتوانا و بڵاوکەرەوەیەکی سەرکەوتوبو تا لە 22-ی مانگی ئابی رابردو دەستگیرکرا بەتۆمەتی تێکدانی ئارامی گشتی و ناپاکیکردن لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. بەگوێرەی تۆمەتە ئاراستەکراوەکانی، پێدەچێت هەتا هەتایە لەزینداندا بهێڵرێتەوە.

دەیەم/ کەیسی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی مارتن دۆلگوێت لەوڵاتی چاد. دۆلگوێت بەتۆمەتی زڕاندنی ناوی بەرپرسانی تەندروستی و ناپاکیکردن دەستگیرکراوە. لەئێستادا لەزینداندایە و بەگوێرەی زانیارییەکان بەردەوام ئەشکەنجەدەدرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP