ماددەی 126ی دەستوری عێراق: هیچ گۆڕانکارییەک لە دەسەڵاتی هەرێمەکان بەبێ رەزامەندی خەڵکەکەی ناکرێت

- 11/2/2019 3:38:00 PM 4894 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە کاتێکدا گۆڕانکاری لە هەندێک بڕگەی دەستوری فیدڕاڵی عێراق نیگەرانی لەلای بەشێک لە هاوڵاتیان و چاودێرانی دۆخی هەرێمی کوردستان دورستکردوە، بەڵام بە گوێرە چەند بڕگەیەکی دەستوری کە دیارترینیان ماددەی 126ی دەستوری عێراقە، "نابێت بەبێ رەزامەندی پەرلەمان و خەڵکەکەی لە راپرسییەکی گشتیدا، دەسەڵاتی هەرێمەکان کەمبکرێتەوە".
نابێت هیچ گۆڕانکارییەک لە برگەکانی دەستوردا بکرێت، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمەکان

 

لە بڕگەی چوارەمی ئەو ماددە دەستورییەدا لە دەروازەی حوکمە کۆتاییەکاندا هاتوە، "نابێت هیچ گۆڕانکارییەک لە برگەکانی دەستوردا بکرێت، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو دەسەڵاتانەی هەرێمەکان کە ناکەونە ناو چوارچێوەی تایبەتمەندیی دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان، بەبێ رەزامەندی دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێمی پەیوەندیدار و رەزامەندی زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە راپرسییەکی گشتیدا".

ئەو ماددە یاسایە کە لە دەستوری عێراق لە ساڵی 2005 چەسپێندراوە، رێگری لە هەر هەوڵێک دەکات کە بیەوێت دەسەڵاتەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان بچوک بکاتەوە

 

ئەو ماددە یاسایە کە لە دەستوری عێراق لە ساڵی 2005 چەسپێندراوە، رێگری لە هەر هەوڵێک دەکات کە بیەوێت دەسەڵاتەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان بچوک بکاتەوە، چونکە پێوستی بە رەزامەندی پەنجا کۆیەکی دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان هەیە لە راپرسییەکی گشتیدا، ئەوەش لە کاتێکدایە بەشێک لە هاوڵاتیان و چاودێرانی هەرێم باس لەوە دەکەن هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق مەترسی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم دروستدەکات.
داوامانکردوە بڕگەی هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق بە گوێرەی ماددەی 126 بێت

 

لەوبارەیەوە بەهار مەحمود، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، ئەوان لە دانیشتنی رۆژی 28ی تشرینی یەکەمدا داوایانکردوە بڕگەی هەموارکردنەوەی دەستور بە گوێرەی ماددەی 126 بێت کە باس لەوە دەکات لە کاتی هەموارکردنەوەی دەستوردا ئەو بڕگانەی لەگەڵ بەرژەوەندی هەرێمەکاندا یەک ناگرێتەوە، پەرلەمانی هەرێم دەتوانێت گۆڕانکارییەکان رەتبکاتەوە و پێوەی پابەند نەبێت.
لە هەمو ئەو پرسە چارەنوسسازانەی پەیوەندی بە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێم و قەوارەی هەرێمەوە هەبوە، وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەماهەنگیمان هەبوە 

 

سەبارەت بە هەماهەنگی فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش لە پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە، ئەندامەکەی فراکسیۆنی گۆڕان وتی، ئەوان لە هەمو ئەو پرسە چارەنوسسازانەی پەیوەندی بە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێم و قەوارەی هەرێمەوە هەبوە، وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەماهەنگیان هەبوە و بە بەردەوامی کۆبونەوەیان هەبوە و ئاگایان لە یەکتری هەیە.

رۆژی 28ی تشرینی یەکەم لە کۆبونەوەیەکدا پەرلەمانی عێڕاق بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەی گۆڕانکاری دەستوری کە نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتەکانی تێدا بێت و لە ماوەی چوار مانگدا کارەکانی هەموارکردنەوەکە تەواو بکات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP