حەشدی شەعبی نامەیەک ئاڕاستەی خۆپیشاندەرانی عێراق دەکات

- 11/1/2019 6:03:00 PM 25722 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حەشدی شەعبی، نامەیەک ئاڕاستەی خۆپیشاندەرانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دەکات و داوایان لێدەکات لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بەردەوام بن و رێگری لەو کەسانە بکەن کە دەیانەوێت  "شەپۆلی ناڕەزاییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن".

حەشدی شەعبی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوان پشتیوانی لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران دەکەن و بەوردی چاودێری دۆخەکە دەکەن، ‌هێزەکانیان ئەرکی خۆیان لە پارێزگاریکردن لە خۆپیشاندەران، دەوڵەت و دامودەزگانیدا جێبەجێدەکەن.

ئەوەش هاتوە، ئەوان هەروەکو چۆن روبەروی داعش بونەتەوە و بەسەریدا سەرکەوتن، بەهەمان شێوەش روبەروی ئەوانە دەبنەوە کە دەیانەوێت دەستدرێژی بکەنە سەر خۆپیشاندەران، مەرجەعیەت و دەزگاکانی عێراق، "رێگەی بە هیچ کەسێک مەدەن کە پیرۆزیەتی مەرجعیەت و حەشدی شەعبی بشكێنێت".

لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە، بە هەمو توانایانەوە پشتیوانی لە پەیامەکەی ئەمڕۆی مەرجەعیەت دەکەن و بەڵێنیانداوە پابەندی رێنماییەکانی بن و وەکو سونبولی ئاسایشی وڵات بمێننەوە.

ئەمڕۆمەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، داوای لە لایەنە بەشداربوەکانی پرۆسەی سیاسی کرد رێگری لە رژانی زیاتری خوێنی عێراقییەکان بکەن و پشتیوانی خۆشی بۆ هەموارکردنەوەی دەستور و سیستمی سیاسی بە گوێرەی "خواستی خەڵکی عێراق" دەربڕی.

خۆپیشاندانەکانی عێراق کە رۆژی هەینی (25ی تشرینی یەکەم) دەستیانپێکردوەتەوە، داواکاریەکانیان بریتییە لە چاکسازی، دروخستنەوەی ئەو بەرپرسانەی لە گەندەڵی تێوەگلاون، لەگەڵ دەستەبەركردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و هەلی کار.

دوێنێ كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی هەفتەی رابردوی شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەكانی ماوەی پێنج رۆژی رابردوی شارەكانی عێراقدا 100 كەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكان كوژراون و زیاتر لە 5500 كەسیش برینداربون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP