رۆیتەرز لە پێنج سەرچاوەی باڵای عێراقیەوە: ئێران رێگە بە لابردنی عەبدولمەهدی نادات

- 11/1/2019 2:21:00 PM 6575 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- هیوا عەبدوڵا

پێنج سەرچاوەی باڵای عێراق رایانگەیاندوە، دەسەڵاتدارنی ئێران لەسەر دۆخی عێراق هاتونەتە سەرخەت و رێگرییان لە دورخستنەوەی سەرۆک وەزیران کردوە، هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە تاران پێیوایە ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی لاوازبونی هێزی سەربازی و  سیاسی حەشدی شەعبی.

سەرچاوەیەکی نزیک لە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندوە، لە کۆبونەوەکانی ئەم دواییەدا عامری جەختی لەوەکردوە کە دواین هەنگاوی چاکسازییەکان بۆ هێورکردنەوەی شەقام بریتیە لە کارکردن بۆ دورخستنەوەی عەبدولمەهدی لە سەرۆکایەتی حکومەتدا.

باس لەوەشكراوە، رۆژی 30ی تشرینی یەکەم قاسم سولێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی لەگەڵ سەرکردەکانی حەشدی شەعبی کۆبوەتەوە و داوای لێکردون لە پشتیوانی کردنی عەبدولمەهدی بەردەوامبن.

سەرچاوەیەکی ئێرانیش سەبارەت بە دۆخی ئەمنی عێراق باسی لەوەکردوە، "دۆخی عێراق بۆ ئێمە گرنگە پێشوتریش رامانگەیاندوە، قاسم سولێمانی سەردانی عێراق  و وڵاتانی ناوچەکە دەکات لە کاتێکدا هاوپەیمانەکانمان پێویستیان بە هاوکاری بێت".

هاوکات سەرچاوەیەکی باڵای ناو حەشدی شەعبیش باسی لەوەکردوە، ئەوان ترسیان هەیە لەوەی دورخستنەوەی عەبدولمەهدی ببێتە سەرەتای لاوازبونی هێزەکانی سەر بە حەشدی شەعبی.

هێزەکانی عەشدی شەعبی کە پێکهاتەی شیعە زۆرینەی گروپەکانی پێکدەهێنێت و هێزێکی نیمچە سەربازیین و ئێران پشتیوانیان دەکات، باڵی سیاسی حەشد کە هاوپەیمانی فەتح نوێنەرایەتی دەکات، لە پەرلەمانی عێرقدا خاوەنی دوەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانین و 47 کورسیان هەیە، هێزەکانی حەشد لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی حەشدەوە بەڕێوەدەبردرێن و تەنها راپۆرت بۆ سەرۆکی حکومەت بەرزدەکەنەوە و جیاوازن لە سوپای عێراق.

بە گوێرەی وتەی بەرپرسێکی سیاسی نزیک لە کۆبونەوەکانی ئەم دواییەی سەرکردەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی عێڕاق، هادی عامری لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ سەدر و قاسم سلێمانی رایگەیاندوە، "ئێمە پێمانوایە ئێستا کاتێکی گونجاو نیە بۆ دورخستنەوەی عەبدولمەهدی، لەبەر ئەوەی دۆخەكە بەرەو پارچەپارچە بون دەبات و ئارامی وڵات دەخاتە مەترسیەوە".

رۆژی 28ی تشرینی یەکەم، موقتەدا سەدر داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد دەستلەکاربکێشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت رابگەیەنێت، لە وەڵامیشدا عەبدولمەهدەی هەڵبژاردنی پێشوەختی رەتکردەوە و پێشنیازی کرد سەدر و عامری لەسەر کەسێکی دیکە بۆ سەرۆکایەتی حکومەت رێکبکەون ئەو ئامادەیە دەستلەکاربکێشێتەوە. 

خۆپیشاندانەکانی عێراق کە رۆژی هەینی (25ی تشرینی یەکەم) دەستیانپێکردوەتەوە، داواکاریەکانیان بریتییە لە چاکسازی، دروخستنەوەی ئەو بەرپرسانەی لە گەندەڵی تێوەگلاون،لەگەڵ دەستەبەركردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و هەلی کار.

دوێنێش كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی هەفتەی رابردوی شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەكانی ماوەی پێنج رۆژی رابردوی شارەكانی عێراقدا 100 كەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكان كوژراون و زیاتر لە 5500 كەسیش برینداربون.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP