نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا

- 11/1/2019 8:40:00 AM 1680 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرەڕای گرژیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشهاتە یەك لە دوای یەكەكانی جیهان، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا پاش هەفتەیەكی پڕ لە هەڵكشان و داكشان جێگیربونی بەخۆوە بینی.

تا ئێستاش نیەگەرانیەكان سەبارەت بە خاوبونەوەی گەشەی ئابوری جیهان لە بەردەوامیدایە، پاش ئەوەی كە هەفتەی رابردو نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا لە گۆڕانكاریەكی بەردەوامدابو، ئەمڕۆ هەینی نرخی ئەو بەرهەمە جیهانیە جێگیری بەخۆوە بینی.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردوەتەوە، ئەمرۆ هەینی بۆ یەكەمجار لە چوار رۆژی رابردودا نرخی نەوتی خاوی تەكساسی رۆژئاوای ئەمریكا بەرزبونەوەی تۆماركرد، 55 سەنت و بە رێژەی لەسەدا 0.3 نرخەكەی بەرزبوەتەوە و نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە كردویەتیە 54.33 دۆلار.

هاوكات نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 59.68 دۆلار لە بازاڕەكانی جیهاندا مامەڵەی پێوەكراوە و شەش سەنت و بە رێژەی لەسەدا 0.1 نرخەكەی بەرزبوەتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە لەماوەی هەفتەی رابردودا نرخی ئەو بەرهەمە بە رێژەی لەسەدا چوار دابەزیبو.

گرژی و ئاڵۆزیەكانی رۆژهەڵاتی نێوەند بە گشتی و ناكۆكیە بازرگانیەكانی ئەمریكا-چین، كارگەریەكای بەرچاویان هەیە لە هەڵكشان و داكشانی نرخی نەوتی خاو لە جیهاندا، لە ئێستاشدا ئەو گرژی و ناكۆكیانە بەردەوامیان هەیە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP