پنتاگۆن ڤیدیۆی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی بڵاوکردەوە

- 10/31/2019 8:42:00 AM 42057 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڤیدۆیی ساتی كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی، خەلیفەی داعشی بڵاوكردەوە و هاوکات وردەکاری ئۆپەراسیۆنەکەی ئاشکراکرد.

ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە 27ی ئۆمتۆبەر، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە سوریا کوژرا، دواتریش هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی هەسەدە کوشتنی خەلیفەکەی داعشیان پشتڕاستکردەوە.

جەنەڕاڵ کینس ماکێنزی، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش ڤیدیۆیی ساتی ئۆپەراسیۆنەکەی بڵاوکردەوە.

لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکە دو کەس لەوانەی لەگەڵ بەغدادی بون و سێ منداڵیش کە تەمەنیان لە خوار 12 ساڵان بون لەکاتی خۆتەقاندنەوەی بەغدادی کوژران

 

ئاماژە بەوەشکرد، "لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکە دو کەس لەوانەی لەگەڵ بەغدادی بون و سێ منداڵیش کە تەمەنیان لە خوار 12 ساڵان بون لەکاتی خۆتەقاندنەوەی بەغدادی کوژران، بەڵام هێزەکانیان 11 منداڵی دیکەیان رزگار کردوە".

هێزی تایبەتی ئەمریکا لە هەولێر و ناو سوریا بە هەلیکۆپتەر براون بۆ شوێنی ئامانجەکە و کۆماندۆی هێزی تایبەتی ناسراو بە دێڵتا فۆرس هەڵیکوتاوەتە سەر حەشارگەکەی بەغدادی".

شەڕڤانانی هەسەدە لە دۆزینەوەی شوێنی خۆحەشاردانی ئەبوبەکر بەغدادی هاوکاریان کردون

 

جەنەڕاڵ ماکێنزی  باسی لەوەشکردوە، شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە دۆزینەوەی شوێنی خۆحەشاردانی ئەبوبەکر بەغدادی هاوکاریان کردون.

ئەبوبەکر بەغدادی ناوی تەواوی ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم عەلی بەدری سامەڕائییە، سەرۆکی رێکخراوی داعش بو لە سوریا و عیراق

 

ئەبوبەکر بەغدادی ناوی تەواوی ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم عەلی بەدری سامەڕائییە، سەرۆکی رێکخراوی داعش بو لە سوریا و عیراق، ساڵی 1971 لە نزیک قەزای سامەڕای سەر پارێزگای سەلاحەدین لە دایک بوە.  

لە 2014دا و دوای کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ و زۆربەی ناوچە سوننەنشینەکانی دیکەی عێراق و روبەرێکی فراوان لە سوریا، بەغدادی خەلافەتی داعشی راگەیاند، ئەمریکا بڕی 25 ملیۆن دۆلاری بۆ هەرکەسێک تەرخانکردبوە کە شوێنی راستەقینەی بەغدادی ئاشکرا بکات یان بیکوژێت.

ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی رێکخراوێک بو کە بوەتەھۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و سەدان هەزار کەسی دیکەش بەهۆی هێرشی ئەو رێکخراوەوە لە عێراق و سوریا ئاوارە و بێماڵ بون، هاوکات دەیانی شاری مێژویی و ئاینی لە عێراق و سوریا خاپوربون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP