سەرۆك كۆماری عێراق پەیامێكی بڵاوكردەوە

- 10/30/2019 11:19:00 PM 51946 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق پەیامێكی لەسەر 14 هەمین ساڵرۆژی راپرسی دەستوری عێراقی كە لەساڵی 2005 ئەنجامدرا بڵاوكردەوە.

لەو پەیامەیدا، سەرۆك بەرهەم نوسیویەتی،"ئەمڕۆ 14 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر ئەنجامدانی راپرسی لەسەر دەستوری عێراق لە ساڵی 2005 دا، دەرچونی عێراقییەكان بۆ دەنگدان و پەسەندكردنی دەستور لەو رۆژەدا، بوە هۆی سەركەوتنی بەها نیشتیمانییە عێراقییەكان، لەپێناو بەرجەستەكردنی گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی نوێ، كە بوە بنەمای دروستكردنی دەوڵەتێكی دیموكراتی فیدڕاڵی، و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، و پەنابردن بۆ سندوقەكانی دەنگدان لەجێگەی سەپاندنی تاكڕەوی و قۆرخكاری لە دەسەڵاتدا".

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاندوە،"ئەمڕۆ لە دوای 14 ساڵ لە بنیاتنانی دەستور، ئەركمانە بەجددی كار بۆ بەدیهێنانی چاكسازی بكەین، ئەمەش لە چوارچێوەی گفتوگۆیەكی نیشتیمانی كە مەرجەعەكەی دەستور بێت، بە گوێرەی ڕێو شوێنە دیموكراسییە دەستورییەكانیش چارەسەری كێشە و كەموكورتییەكانی سیستمی حوكمڕانی بكەین، كە رێگرن لە بەردەم حوكمڕانی رەشید كە تیایدا مافەكانی هاونیشتیمانیان لە ژیانێكی شایستە و سەربەرزانەدا پارێزراوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP