بەپەلە

ئەنجومەنی باڵای دادوەری: هێزە ئەمنییەکان دەتوانن ئەو پەرلەمانتارانەی بە گەندەڵی تێوەگلاون دەستگیر بکەن

- 10/30/2019 3:00:00 PM 2142 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق حەسانەی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە لابرد کە بە گەندەڵی تۆمەتبارن، هێزە ئەمنییەکان دەتوانن ئەو پەرلەمانتارانە دەستگیر بکەن.

لە راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریدا کە واژۆی فائیق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنەکەی لەسەرە ئەمڕۆ 30 تشرینی یەکەم دەرچوە هاتوە، "بۆ داواکاری گشتی عێراق، دوای ئەوەی پەرلەمان پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە لابرد کە بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی و کارگێری داواکرابون، دەتوانن راستەوخۆ رێکارەکانی لێپرسینەوە دەستپێبکەن، بەبێ ئەوە چاوەڕێ رەزامەندی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بکەن".

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو پەرلەمانتارانەش کە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە دەتوانرێت راستەوخۆ لایەنی پەیوەندیدار فەرمانە جێبەجێبکەن.

لە دانیشتنی رۆژی دوشەممەدا پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە هەڵبگرێت کە بە گەندەڵی تۆمەتبارن.

پەرلەمانی عێراق هاوکات دەنگیدا لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی ھەمو ئمتیازاتەکانی ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، ئەندامانی پەرلەمان، بەرپرسە باڵاکانی عێراق، ڕاویژکار و وەکیل وەزیرەکان، بەڕیوبەرە گشتیەکان، دەسەڵاتی دادوەری، دەستەی نەزاھە، دەستە سەربەخۆکان و دادگای باڵا و پاریزگارەکان.

ماوەی مانگێکە عێراق بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و رۆژانە خۆپیشاندان لە بەغدا و زۆرینەی پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت و خەڵکی لە ئاستی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت ناڕازین و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت دەکەن.

بەهۆی دروستبونی توندوتیژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانیش لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو ئێستا 224 کەس کوژراون و زیاتر لە نۆ هەزار کەسیش برینداربون.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP