خەندان سیناریۆکانی گۆڕانکاری لە عێراق بڵاودەکاتەوە
سەرۆک بەرهەم کۆبونەوەی سێ سەرۆکایەتیەکە و کوتلە سیاسیەکانی عێراق بەڕێوەدەبات

- 10/30/2019 12:44:00 PM 88677 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

چەند سەرچاوەیەکی باڵا رایانگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عێراق کۆبونەوەی لوتکەی سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق و لایەنە سیاسیەکانی عێراق لە کۆشکی سەلام بەڕێوەدەبات و  سیناریۆکانی گۆڕانکاری لە عێراق تاوتوێ دەکەن.

خەندان لە زاری چەند سەرچاوەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق زانیویەتی، ئێوارەی ئەمڕۆ د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق کۆبونەوەی لوتکەی سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق و لایەنە سیاسیەکانی عێراق لە کۆشکی سەلام بەڕێوەدەبات.
لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا تاوتوێی سیناریۆ و بژاردە گونجاوەکان دەکرێت بۆ دەرچونی عێراق لە قەیرانەکان و بەدیهێنانی داخوازی خۆپیشاندەران

 

بەپێی ئەو وتەی سەرچاوەکانی خەندان، لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا تاوتوێی "سیناریۆ و بژاردە گونجاوەکان" دەکرێت بۆ دەرچونی عێراق لە قەیرانەکان و بەدیهێنانی داخوازی خۆپیشاندەران.
لە هەنگاوی یەکەمدا دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوتوێ دەکرێت

 

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، لە هەنگاوی یەکەمدا دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوتوێ دەکرێت، لە هەنگاوی دوەمیشدا گۆڕانکاری ریشەیی لە دەستور و یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق باس دەکرێت.
لە کۆبونەوەی سێ سەرۆکایەتیەکە و کوتلە سیاسیەکانی عێراقدا تاوتوێ دەکرێت بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەیە لە عێراقدا

 

هەنگاوی سێیەمیش لە کۆبونەوەی سێ سەرۆکایەتیەکە و کوتلە سیاسیەکانی عێراقدا تاوتوێ دەکرێت بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەیە لە عێراقدا، لە هەنگاوی چوارەمیش پێدەچێت "حزب و هاوپەیمانێتی سیاسی نوێ بێتە ئارامەوە، کە هەڵقوڵایی ناو خۆپیشاندانەکانی عێراقن".
ماوەی مانگێکە عێراق بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و رۆژانە خۆپیشاندان لە بەغدا و زۆرینەی پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت

 

ماوەی مانگێکە عێراق بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و رۆژانە خۆپیشاندان لە بەغدا و زۆرینەی پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت و خەڵکی لە ئاستی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت ناڕازین و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت دەکەن.
بەهۆی دروستبونی توندوتیژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانیش لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو ئێستا 224 کەس کوژراون

 

بەهۆی دروستبونی توندوتیژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانیش لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو ئێستا 224 کەس کوژراون و زیاتر لە نۆ هەزار کەسیش برینداربون.
ئەگەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت رەتبكەیتەوە، كاردەكەین دەستبەجێ متمانەت لێوەربگیرێتەوە

 

دوێنێ موقتەدا سەدری، رێبەری رەوتی سەدر لە نوێترین پەیامیدا بۆ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "ئەگەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت رەتبكەیتەوە، كاردەكەین دەستبەجێ متمانەت لێوەربگیرێتەوە".
پێموابو داواکردن لە تۆ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، پاراستنی شکۆمەندی تۆی تێدایە

 

سەدر باسی لەوەشکردوە، "پێموابو داواکردن لە تۆ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، پاراستنی شکۆمەندی تۆی تێدایە، بەڵام ئێستا کە ئەو کارەت نەکرد و رەتتکردەوە، من داوا لە هادی عامری دەکەم پێکەوە کاربکەین بۆ سەندنەوەی متمانە لە حکومەتەکەت".
حکومەتی کاربەڕێکەر چارەسەری دۆخەکە ناکات دەتوانن لەگەڵ هادی عامری حکومەتێکی نوێ پێکبهێنن

 

ئەو پەیامەی موقتەدا سەدر دوای ئەوە هات کە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەوەڵام سەدردا رایگەیاندبو، حکومەتی کاربەڕێکەر چارەسەری دۆخەکە ناکات "دەتوانن لەگەڵ هادی عامری حکومەتێکی نوێ پێکبهێنن".
شۆڕشی راستەقینە لە رێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە بەدیدێت نەوەک بە راگرتنی پرۆسەی خوێندن و هاندانی مێرمنداڵان بۆ هاتنە سەر شەقام و سوتاندنی بارەگا و شوێنە گشتییەکان

 

لە کۆتایی پەیامەکەشدا عەبدولمەهدی باس لەوەدەکات شۆڕشی راستەقینە لە رێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە بەدیدێت نەوەک بە راگرتنی پرۆسەی خوێندن و هاندانی مێرمنداڵان بۆ هاتنە سەر شەقام و سوتاندنی بارەگا و شوێنە گشتییەکان.

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح  (زۆرینەی ئەو حزبانەی لە خۆگرتوە کە نزیکن لە حەشدی شەعبی) لەوەڵامی ئەو داوایەی سەدر ئاماژەی بەوەکردوە، لەگەڵ موقتەدا سەدر-دا "کار دەکەین بۆ بە دیهێنانی بەرژەوەندی گشتی گەلی عێراق و رزگارکردنی وڵات بە جۆرێک لە پێناوی بەرژەوەندی هەمواندا بێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP