عامری سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی عێراق وەڵامی موقتەدا سەدری دایەوە

- 10/30/2019 8:45:00 AM 43863 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لە وەڵامی نامەکەی موقتەدا سەدریدا کە داوای کردبو بە یەکەوە کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەت بکەن رایگەیاند، "لەگەڵتدا کاردەکەین بۆ بەدیهێنانی داخوازییەکان خەڵکی عێراق".

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح (زۆرینەی ئەو حزبانەی لە خۆگرتوە کە نزیکن لە حەشدی شەعبی) ئاماژەی بەوەشکردوە، لەگەڵ موقتەدا سەدردا "کار دەکەین بۆ بە دیهێنانی بەرژەوەندی گشتی گەلی عێراق و رزگارکردنی وڵات بە جۆرێک لە پێناوی بەرژەوەندی هەمواندا بێت".
ئەگەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت رەتبكەیتەوە، كاردەكەین دەستبەجێ متمانەت لێوەربگیرێتەوە

 

دوێنێ موقتەدا سەدری، رێبەری رەوتی سەدر لە نوێترین پەیامیدا بۆ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "ئەگەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت رەتبكەیتەوە، كاردەكەین دەستبەجێ متمانەت لێوەربگیرێتەوە".
پێموابو داواکردن لە تۆ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، پاراستنی شکۆمەندی تۆی تێدایە

 

سەدر باسی لەوەشکردوە، "پێموابو داواکردن لە تۆ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، پاراستنی شکۆمەندی تۆی تێدایە، بەڵام ئێستا کە ئەو کارەت نەکرد و رەتتکردەوە، من داوا لە هادی عامری دەکەم پێکەوە کاربکەین بۆ سەندنەوەی متمانە لە حکومەتەکەت".

پێشتر خەندان لە هەواڵێكدا بڵاویكردەوە كە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی ئاڕاستەی موقتەدا سەدر كردوە و رایگەیاندوە، حکومەتی کاربەڕێکەر چارەسەری دۆخەکە ناکات و پێی وتوە كە "دەتوانن لەگەڵ هادی عامری حکومەتێکی نوێ پێکبهێنن".
شۆڕشی راستەقینە لە رێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە بەدیدێت نەوەک بە راگرتنی پرۆسەی خوێندن و هاندانی مێرمنداڵان بۆ هاتنە سەر شەقام

 

لە کۆتایی پەیامەکەشدا عەبدولمەهدی باس لەوەدەکات شۆڕشی راستەقینە لە رێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە بەدیدێت نەوەک بە راگرتنی پرۆسەی خوێندن و هاندانی مێرمنداڵان بۆ هاتنە سەر شەقام و سوتاندنی بارەگا و شوێنە گشتییەکان.

ماوەی مانگێکە عێراق بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و رۆژانە خۆپیشاندان لە بەغدا و زۆرینەی پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت و خەڵکی لە ئاستی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت ناڕازین و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت دەکەن.

بەهۆی دروستبونی توندوتیژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانیش لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو ئێستا 224 کەس کوژراون و زیاتر لە نۆ هەزار کەسیش برینداربون.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP