ڤیدیۆ.. لە هۆنگ كۆنگ خۆپیشاندەرێك لەپێناو هاوڕێكەی "سۆبی" لە پۆلیسێك دەدات

- 10/29/2019 10:29:00 PM 20675 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

 لە هەرێمی هۆنگ كۆنگ-ی وڵاتی چین، دیمەنی خۆپیشاندەرێك بە چاوی كامێراكان تۆماركراوە، لەكاتێكدا هەوڵدەدات هاوڕێكەی لە چنگی پۆلیسێك رزگاربكات و بەو هۆیەوە سۆبی لە پۆلیسێكی ئەو هەرێمە دەدات.

لەبەردەم باڵەخانەی گراند پلازا لە هەرێمی هۆنگ كۆنگ، لەكاتی بەڕێوەچونی خۆپیشاندانە بەردەوامەكاندا كە ماوەی چەند مانگێكە بەردەوامی هەیە، پۆلیسێك هەوڵدەدات یەكێك لە خۆپیشاندەران دەستگیربكات، لەوكاتەدا هاوڕێی خۆپیشاندەرەكە بە مەبەستی رزگاركردنی هاوڕێكەی هونەری بەرگری بەكاردەھێنێت و سۆبیەك ئاڕاستەی ملی پۆلیسەكە دەكات.

لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەردەكەوێت، لەكاتێكدا پۆلیسەكە هێرشدەكاتە سەر خۆپیشاندەرێك، خۆپیشاندەرێكی دیكەی هاوڕێی دەیەوێت لە چنگی پۆلیسەكە رزگاری بكات و لەوكاتەشدا سێیەمین خۆپیشاندەر بە سۆبی هێرشدەكاتە سەر پۆلیسەكە و دەستبەجێ دەیخات بە زەویدا. 

دوای هێرشی ئەو خۆپیشاندەرە، دو خۆپیشاندەری دیكە هێرشدەكەنە سەر پۆلیسەكە و یەكێكیان بە مستەكۆڵە، یەكێكی دیكەیان بە دار لەو پۆلیسە دەدەن.

ئەو گرتە ڤیدیۆییە دەنگۆیەكی بەرفراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەدوای خۆیدا هێناوە،  بەشێكی زۆری بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیش جوڵەی ئەو خۆپیشاندەرە بە شاكارە هونەریە بەرگریەكانی بروس-لی دەچوێنن.

خۆپیشاندانەكانی هۆنگ كۆنگ، ماوەی چەند مانگێكە لە بەردەوامیدایە و داواكاریی خۆپیشاندەران گۆڕینی سیستەمی یاسای ئەو هەرێمەیە، لە ماوەی ئەو چەند مانگەشدا چەندینجار روبەڕبونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكانی ئەو وڵاتە رویداوە.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP