بەپەلە

كاردانەوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەكەی حەریری

- 10/29/2019 8:48:00 PM 3578 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەشێك لە كاردانەوە سیاسیە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان پێشوازیان لە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی لوبنان كرد و هیوای ئەوە دەخوازن هەوڵێك بێت بۆ رزگاركردنی دۆخی وڵاتەكە، لە بەرامبەریشدا بەشێك لە وڵاتان هۆشداری دەدەن سەبارەت بە دۆخی لوبنان، لایەنگرانی حەریری-ش بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەكە رەتدەكەنەوە.

ئێوارەی سێشەممە 29ی تشرینی یەكەمی 2019، سەعد حەریری، سەرۆك وەزیرانی لوبنان نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی خستە بەردەست میشێل عۆن، سەرۆكی وڵاتەكەی، پێش رادەستكردنی نامەكەش لەمیانی وتەیەكیدا كە لە پێگەی نیشتەجێبونی خۆی لە ناوەڕاستی بەیروت-ی پایتەخت پێشكەشیكرد رایگەیاند "ماوەی 13 ساڵە گەلی لوبنان چاوەڕێی بڕیارێكی سیاسی دەكات تا ئەم ئاڵۆزیەی ئێستا رویداوە بوەستێندرێت"، وتیشی "هەوڵمدا بگەمە رێگەیەك بۆ دەربازبون لەو دۆخە، بەڵام گەیشتمە بنبەست".

سەبارە ت بە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی حەریری، وەلید جانپۆڵات، رابەری درزیەكان گەلی لوبنانی بۆ ئەنجامدانی دانوستان بانگهێشتكرد، لە هەژماری خۆی لە تویتەر نوسیویەتی "لە سەرەتاوە داوای ئەنجامدانی دانوستانم كردوە، ئێستاش لەم كاتە هەستیارەدا و پاش دەستلەكاركێشانەوەی حەریری دوبارە داوای ئارامی و دانوستان دەكەم".

 
لای خۆیەوە، ریا حسێن، وەزیری ناوخۆی لوبنان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەلایەتی تویتەر نوسیویەتی "دەستلەكاركێشانەوەكەی حەریری گرنگ بو بۆ رێگریكردن لە رودانی جەنگی نێوخۆیی، كە ئەمڕۆ لە ناوەڕاستی بەیروت مەترسیەكانی ئەو شەڕەمان بەدیكرد".

سەمیر جەعجەع، سەرۆكی حزبی "هێزەكانی لوبنان" لەوبارەیەوە رایگەیاند "كاردانەوەی حەریری بە ئاراستەی خواستی گەل و دەستلەكاركێشانەوەی كارێكی باشە"، هاوكات داوایكرد هەنگاوی دواتر بۆ دەرچون لەو قەیرانەی لوبنانی تێدایە پێكهێنانی حكومەتێكی نوێیە، داوشیكرد حكومەتێكی تێكنۆقرات لەو وەزیرانە پێكبهێندرێت كە پێشتر لە حزبە سیاسیەكان دەستیان لەكاركێشاوەتەوە.

هەر سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەكەی حەریری، سەرۆكی حزبی كەتائیبی لوبنانی، سامی جەمیل لە تۆڕی  كۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەی بەوەكرد "بڕیارێكی مێژویی بوە لە دۆخێكی مێژوییدا، ویستی گەلی لوبنانی سەركەوت و ئەوەش سەرەتای رێگاەكە بۆ گۆڕانكاری پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت".

لەو چوارچێوەیەدا، وەزیری پێشوی دادی لوبنان، ئەشرەف ریفلی لە تویتەر دەڵێت "حەریری هەم خۆی و هەم گەلەكەی بەدەستهێنا، حزبوڵاش حكومەتێكی لەدەستدا كە گەندەڵكاربو، لەپشت شۆڕشی گەلی لوبنان دەوەستین".

پاش راگەیاندنی بڕیارەكە، لایەنگرانی حەریری لە بەیروتی پایتەخت رژانە سەر شەقامەكان و دەستلەكاركێشانەوەكەیان رەتكردەوە، بەوهۆیەوە ژمارەیەك شەقامیان گرت و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەكانیان وەستاند.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ژان ئیڤ لۆدریان، وەزیری فرەنسا سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەكەی حەریری رایگەیاند "ماوەی 15 رۆژە لوبنان بە دۆخێكی مەترسیداردا تێپەڕدەبێت بەهۆی خۆپیشاندانەكان و ئاڵۆزی پێكدادانەكانی نێوانیان ".

لەبەردەم پەرلەمانی فرەنسادا لۆدریان وتیشی، "لەگەڵ ئەو دۆخەی ئێستادا، فرەنسا داوا لە بەرپرسانی لوبنان دەكات سەرجەم هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ گرەنتیكردنی سەقامگیری دامەزراوەكان و یەكبونی لوبنان، قەیرانەكان قوڵتردەكاتەوە".

هەر لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەكەی حەریری،هایكۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەلمانیا رایگەیاند "هیواخوازسین دەستلەكاركێشانەوەكەی سەرۆك وەزیرانی لوبنان دۆخی لوبنان و سەقامگیریەكەی بەرەو ئاراسەتەیەكی نەرێنی نەبات".

ماوەی 15 رۆژە، خۆپیشاندان لە لوبنان بەردەوامە و تادێت ژمارەی خۆپیشاندەران پەرەدەسێنێت، داواكاریەكانیشیان سەرەتا بە هەلگرتنی باج بو لەسەر باڵانسی ئینتەرنێت و دواتریش زیاتربون بۆ چاككردنی دۆخی ئابوری وڵات، لە ئێستاشدا بە دروشمی "بڕۆن واتا برۆن"، داوا لە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەكانی نێو دەسەڵات و حكومەت دەكەن، پێگەكانیان جێبهێڵن، رەتیشیدەكەنەوە هیچ روخسارێكی  ناو حزبەكانی ئێستا لە حكومە ت بمێنێتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP