بەوێنە: تەرمی ملیۆنێرێک لەبەفرگرەکەی خۆیدا دۆزرایەوە

- 10/29/2019 7:22:00 PM 40147 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ژنێکی ملیۆنێری بەڕەگەز تایلاندی بەمردویی لەبەفرگرەکەی خۆیدا دۆزرایەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی مێرەری بریتانی، جەستەی ژنە ملیۆنێری تایلاندی، وانی جیراکاروین، لەبەفرگرەکەی خۆیدا دۆزرایەوە، پاش ئەوەی لە18-ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە دیارنەمابو.

وانی تەمەنی 58 ساڵە و لەشاری شیانگ مای باکوری تایلاند دەژی،  براکەی سەردانی ماڵەکەی کرد تا لەهەواڵی بپرسێت پاش ئەوەی وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی نەدایەوە. 

دواتر، رۆژی یەکشەممەی رابردو، بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر، پاش گەڕان و پشکنینێکی زۆر، تەرمەکەی لەناو بەفرگری ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە کە کۆنکرێتی بەسەرداکرابو.

لەئێستادا پۆلیس سەرقاڵی بەدواداگەڕان و لێکۆڵینەوەیە لە هاوڕێ گومانلێکراوەکەی کەناوی (ئوم)ەو لەگەڵ وانیدا ژیاوە و پێشبینی دەکرێت لەلایەن ئەوەوە کوژرابێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، هاوڕێکەی وانی لەکاتی بێسەروشوێنکردنیەوە دیارنەماوە و ئەوەش گومانەکانی لەسەر ئەو زیادکردوە.


لەوبارەیەوە پۆلیسی تایلاند رایگەیاندوە، لەپاش کوشتنی وانی، چەندین جار بڕە پارەی زۆر لەهەژمارە بانقییەکەی دەرهێنراوە و ئۆتۆمبێلەکەی و کارتی هەژمارە بانقییەکانی دیارنەماون.

پۆلیس پێیوایە هاوڕێکەی وانی دەتوانێت زانیاری تەواو لەبارەی کوەشتنی ئەو ملیۆنەرەوە ئاشکرابکات، لەکاتێکدا پێشتر پێکەوە بەشداری دەیان پرۆژەی خێرخوازییان کردوە و سەدان هەزار پاوەندیان بۆ مەبەستی خێر بەکارهێناوە.

ژەنەرال بونیت تونگخاسەرنی، رایگەیاندوە، لەئێستادا چاودێری تەواویان خستۆتە سەر خاڵەکانی پشکنین لەناوچە سنورییەکان، بەوپێیەی کە زانیارییان هەیە هاوڕێکەی وانی ویستویەتی بچێتە دەرەوەی سنورەکانی ئەو وڵاتە.

وتیشی کە پەیوەندییان بە ئەو بانقەوە کردوە کە ناوبراو پارەی لێداناوە، زانیویانە کە پارەکانی لەلایەن کەسێکەوە راکێشراوە پاش مردنی خۆی.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP