کاردانەوەی سەرکردە و وڵاتانی جیهان لەبارەی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی

- 10/28/2019 4:13:00 PM 7573 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرلەئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کوشتنی ئەبوبەکر بەغداجی سەرکردەی رێکخراوی داعشی پشتڕاستکردەوە کە بەگوتەی ترەمپ پاش دو هەفتە لەچاودێریکردن، توانیویانە لەئۆپەراسیۆنێکدا بیکوژن.

کوشتنی بەغدادی هەر زو کاردانەوەی سەرکردەکانی جیهان و وڵاتانی بەدواداهات، بەشی زۆری سەرکردەکانی جیهان، کوشتنی ئەو سەرکردەیەی داعشیان بەهەنگاوێکی گەورە لەپرۆسەی روبەروبونەوەی تیرۆر لەقەڵەمدا، بەشێکی دیکەش پێیانوابو کوشتنی بەغدادی بەواتای کوشتنی رێکخراوەکە نایەت، بەڵکو قۆناغی دوەمی پرۆسەکە پێویستە خۆئامادەکردن هەیە بۆ کۆتایهینان بەئەگەرەکانی جێگرتنەوەی بەغدادی و هەڵسانەوەی رێکخراوەکە لەروی سەرکردایەتیکردنەوە.

کاردانەوە جیهانییەکان دابەشبون بۆ دو بۆچونی جیاواز، بەشێکیان کوشتنی بەغدادیان بەخاڵی وەرچەرخانێکی گرنگ لەپرۆسەی روبەروبونەوەی تیرۆردا لەقەڵەمدا، بەشێکی دیکەشیان لەگرنگی هەواڵەکەیان کەمکردەوە و رایانگەیاند، کوشتنی بەغدادی بەواتای دورخستنەوەی مەترسییەکانی داعش نایەت.

عێراق
حکومەتی عێراقی هەر زو وەڵامی هەواڵەکەی بەدەربڕینی خۆشحاڵی دایەوە و رایگەیاند ئەوان لەڕوی زانیاری هەواڵگرییەوە هاوکاری تەواوی ئۆپەراسیۆنەکەیان کردوە و ئەو هێزەی ئەمریکاش کە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنجامداوە لەعێراقەوە نێردراون.

تورکیا
تورکیا پێشوازی لەکوشتنی بەغدادی کرد و خۆی بەبەشێک لەپرۆسەی روبەروبونەوەی تیرۆر لەقەڵەمدا، لەوبارەبەوە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، کوشتنی بەغدادی خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگە بو لەجەنگی هاوبەشی هەردولادا بەرامبەر تیرۆر.

روسیا
روسیاش بەگومانەوە سەیری بابەتەکەی کرد و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند، زانیاری تەواویان نیە لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە. هاوکات، وتەبێژی ڤیلادمیر پوتینی سەرۆکی روسیاش رایگەیاند، کرملن پێشوازی لەهەواڵی کوشتنی بەغدادی دەکات ئەگەر بسەلمێنرێت کە ئەو سەرکردەیەی داعش لەو ئۆپەراسیۆنەدا کوژراوە. ئەمە لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی روسیای کرد بۆ هاوکاریکردنیان لەو ئۆپەراسیۆنەدا.

ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش روداوەکەی بە" دەستکەوتێکی گەورە " وێناکرد و رایگەیاند،  دەستکەوتەکە گەورەیە، بەڵام هەڵمەتی روبەروبونەوەی تیرۆر هێشتا تەواو نەهاتوە و هەنگاوەکان لەپێشمانەوەن."

ئێران
لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی ئێرانیشەوە، محمد جەواد ئازەری وەزیری زانیاری کۆماری ئیسلامی ئێران لەبایەخی هەنگاوەکەی ئەمریکای کەمکردە و رایگەیاند، کوشتنی بەغدادی هەنگاوێکی هێندە گەورە نەبو.
ئەو وەزیرەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتیشی، "ئەمریکییەکان تەنها دروستکراوێکی خۆیان کوشتوە." 

فەرەنسا
فەرەنساش لەڕێگەی وەزیری بەرگری وڵاتەکەیەوە، رای خۆی لەوبارەیەوە دەربڕی و رایگەیاند، پیرۆزبایی لەئەمریکا دەکەین، بەڵام شەڕی دژی داعش بەردەوامدەبێت.

بریتانیا
هەرچی بریتانیاشە، پێشوازی لە هەواڵی کوشتنی ئەبوبەکر بەغداجی کرد و بە" چرکەساتێکی گرنگی"  لەقەڵەمدا، بەڵام هۆشداری دایە جیهان کە " هێشتا شەڕی دژی داعش تەواو نەبوە." 

چین
حکومەتی چینیش کوشتنی بەغدادی بەهەنگاوێکی گرنگ لەقەڵەمدا و رایگەیاند پێویستە کار بۆ لەناوبردنی خوێن و رەگوریشەی تیرۆر بکرێت لەجیهاندا.

ژاپۆن
ژاپۆنیش بەهەمان شێوە پێشوازی لەکوشتنی ئەو سەرکردەیەی داعش کرد و سکرتێری کابینە وەزارییەکەی رایگەیاند، کوشتنی بەغدادی هەنگاوێکی گەورەیە بۆ سەقامگیریی و ئاشتی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام ئەوانیش پێیانوایە کە هێشتا شەڕی تیرۆر تەواو نەبوە.

ئەڵمانیا
حکومەتی ئەڵمانیاش لەکاردانەوەی ئەو هەواڵەدا، کوشتنی کوردانی ئێزیدی و بەشێک لەهاوڵاتیانی ئەوروپی بەنمونەی دڕندەیی داعش هێنایەوە و رایگەیاند، چیتر ئەو کەسە نەماوە کە فەرمانی ئەو توندوتیژییانەی دەردەکرد. 

ئوستورالیا
ئوستورالیاش لەڕێگای سەرۆک وەزیرانەکەیەوە پێشوازی لەهەواڵەکە کرد، بەڵام پێیانوایە هێشتا هەڕەشەکانی تیرۆر بەردەوامی هەیە.

هەسەدە
هێزەکانی سوریای دیموکراتیش لای خۆیەوە وێڕای پێشوازیکردن لەهەواڵەکە، هاوکات ئۆپەراسیۆنەکەشی بە"هەنگاوێکی هاوبەش" لەقەڵەمدا.

ئەفغانستان
ئەفغانستانیش پێشوازی لەکوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی کرد و رایگەیاند، کوشتنی ئەو سەرکردەیەی داعش لێدانێکی گەورە دەبێت لەو رێکخراوە و لاوازکردنی.

   



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP