لە چاوپێكەوتنێكدا ئاوەڵزاوای ئەبوبەكر بەغدادی هۆكاری كۆتایی هاتنی داعش ئاشكرادەكات

- 10/28/2019 12:03:00 AM 219945 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبیە، چاوپێكەوتنێكی تایبەتی لەگەڵ ئاوەڵزاوای ئەبوبەكر بەغدادی، سەركردەی رێكخراوی چەكداری داعش ئەنجامداوە و هاودەمی تایبەتی ئەو سەركردەیەی داعش بوە، بەڵام لە هەمانكاتدا هاوكاربوە لە دۆزینەوەی پێگەكەی.

محەممەد عەلی ساجت، ئاوەڵزاوای ئەبوبەكر بەغدادی، سەركردەی رێكخراوی چەكداری داعش و هاودەمی نزیكی، لەمیانی چاوپێكەوتنێكی نوێ و تایبەتدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبیە زانیاری نوێی لەسەر بەغدادی و رێكخراوەكە دركاند.

25 ملیۆن دۆلار لە بیابان
بەپێی وتەكانی سجات، بەغدادی لە كۆتا رۆژەكانیدا لەنێوان سوریا و سنوری عێراق هاتوچۆی كردوە، هەر لەو كاتەشدا و لە بیابانی ئەنبار 25 ملیۆن دۆلار-ی لێ ون بوە، كە دواتر لەلایەن چەند شوانێكەوە دۆزراوەتەوە.

ناپاكیەك كۆتایی بە دەوڵەتی خەلافەت هێنا
ساجت رونیكردەوە، لە سوریا زیاتر لە  پێگەیەك بۆ مانەوەی بەغدادی دروستكراوە، كە یەكێكیان لە پارێزگای ئیدلیب-ی ئەو وڵاتە بوە، هاوكات باسی لەوەشكرد لە ریزەكانی رێكخراوی چەكداری داعشدا ناپاكی ئەنجامدراوە و بەوهۆیەوە خەلافەتەكە شكستیخواردوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەكانی عێراق زۆر نزیكبون لە پێگەكانی بەغدادی و بەسەر ئەو تونێلەشدا رۆشتون كە لەژێرزەویدا خۆی تێدا شاردوەتەوە.

بەپێی وتەكانی ساجت، زۆرینەیئەو كەسانەی هەواڵ و نامەیەان بۆ بەغدادی گواستوەتەوە، لە هێرشە ئاسمانیەكاندا كوژراون و بەغدادی لەو ماوەیەدا هەرگیز بە تەلەفۆن قسەی نەكردوە، بەڵكو لەگەڵ پێنج كەسی زۆر نزیك لەخۆیەوە ئاڵوگۆڕی زانیاری كردوە كە تیایاندا عێراقی و كەسانی دیكەش هەبوە.

لە كۆتا ساتەكاندا دەترسا 
ئاوەڵزاواكەی بەغدادی سەبارەت بە كۆتا رۆژەكانی ژیانی دەڵێت "لە كۆتا ساتەكاندا دەترسا و پێشبینی ئەوەی دەكرد لە هەر چركەیەكدا بكوژرێت".
هەر لەوبارەیەوە بەگوێرەی وتەكانی ساجت، تەنها چوار ژن لەژێر هەژمونی بەغداد-یدا ماونەتەوە و لەو كۆتا ساتانەشدا داوای لە حاجی عەبدوڵا-ی جێگری كردوە هێرشی زیاتر لە عێراق ئەنجامبدەن.

بەڕۆژو نەبوە و داوای لە پیاوەكانیشی كردوە بەڕۆژو نەبن
محەممەد عەلی ساجت، ئاوەڵزاوا و هاودەمی نزیكی سەركردە كوژراوەكەی داعش زیاتر لەسر بەغدادی وتی " لەرێگەی نامەیەكی ئەلیكترۆنی كە لە بەشی زیادەكاندا گەیشتوە بەدەستیان، یارمەتی هەواڵگری عێراقی داوە پێگەی بەغدادی بدۆزنەوە".

ئاوەڵزاواكەی بەغدادی ئەو دەمانچەیەی پیشاندا كە لە كۆتا دەركەوتنیدا پێی بوە، وتیشی "بۆ ماوەی نۆ رۆژ لەژێر زەویدا و لە تونێلێكی هەشت مەتریدا ماینەوە، ئێمە لەگەڵ بەغدادی بوین و یەكێك لە هاوسەرەكانیشی لەگەڵماندابو".

ئاشكراشیكرد، لە مانگی رەمەزانی پێشودا، ئەبوبەكر بەغدادی بەڕۆژو نەبوە و داوای لە پیاوەكانیشی كردوە بەڕۆژو نەبن، لە كۆتایین رۆژەكانیشیدا هاودەمی ئەمنی بەغدادی براكەی بوە بە ناوی حازم.

ترەمپ: "مرد.. مرد"
بەیانی ئەمرۆ یەكشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە كۆشكی سپی وڵاتەكەیەوە كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی راگەیاند و وتی "دادپەروەری یەخەی مەترسیدارترین تێرۆریستی جیهانی گرت".

ئاماژەی بەوەشكرد "لەكاتێكدا هێزە ئەمریكیەكان گەمارۆی بەغدادیان داوە لەناو چاڵێكدا بوە و سێ منداڵی خۆی لەگەلدابوە، كە سەرەنجام بە پشتێنێكی خۆكوژی خۆی تەقاندوەتەوە.

ترەمپ لە وتەكانیدا وتی "ئەو پیاوێكی نەخۆش و لادەربو، مرد، وەكو سەگ و هەر ترسنۆكێك مرد".
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP