دیوانى هایکوى کوردى "کەوتنەخوارەوەى مەراق" بڵاودەکرێتەوە

- 10/24/2019 10:15:00 PM 600 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دیوانى "کەوتنەخوارەوەى مەراق" نوسینى سەردار حەمیدە و پێکدێت لە 600 هایکو، لە بەرگێکى رەقداو لەنێو 462 لاپەڕەدا خۆى دەبیینێتەوە.
 
دەربارەى بەرهەمەکەى سەردار حەمید بە خەندانى راگەیاند، "ئەم دیوانە 600هایکو لە خۆدەگرێت و لەناوەوە لە سێ کتێب پێکدێت، کە کتێبی یەکەم بەناونیشانی "پژمینی گوڵ"بەگشتی هایکو سروشتییەکان و رەگەزەکانی دەگرێتەوە". 

وتیشى،"کتێبی دوەم بەناونیشانی "عاشقێک میزەڵان دەفرۆشێت" بەگشتی هایکو مرۆییەکان دەگرێتەوە و کتێبی سێیەم بەناوى "هەنگێکم لەکاتی پێوەدان" هایکو ئیرۆتیکی و پۆرنۆگرافییەکان دەگرێتەوە".

ئاماژەى بەوەشدا، لەنێو بەرهەمەکەدا نوسینێکی گرنگ و بایەخدار بەناونیشانی "باسێک لەسەر هایکو و ئەدەبی ژاپۆنی" کە زۆر پێویستە بۆ گشت خوێنەران بۆ شارەزابون لەسەر هایکو جێکراوەتەوە.

دەربارەى چاپکردنى کتێبەکە نوسەر رایگەیان،"کتێبەکە لە ڕیزبەندیی کتێبەکانی پرۆژەی بڵاوکراوەکانی نوسیار لە دانیمارک ژمارە 8ی وەرگرتوە و بڵاوکراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا سپۆنسەریان نییە، خۆم تێچوی چاپکردنەکەیم گرتوەتە ئەستۆ".

سەردار حەمید دەربارەى هاوکارى کردنى لە بڵاوکردنەوەى کتێبەکەیدا وتى،"سەرنج و تێبینییەکانی کاک "ئالان پەری" زۆر جوان و گرنگ بون و خزمەتێکی باشیان بە بەرهەمەکە کرد بۆ باشترکردنی چاپی کتێبکە و بەتایبەتیش هەوڵە جدییەکانیان لە روی بڵاوکردنەوە و ریکلامکردن بۆ کتێبەکەم".

نمونەیەک لە هایکوکانى کتێبەکە:

خۆ بەردەکانیش مانەوە،
گوڵەکان هەڵوەرین و-
تۆویان جێهێشت!
---------
چەشنی گەڵایێ،
زیندوم و ڕۆژێ دێم بۆ-
کەناری وەرین
---------
هه‌ڵاڵه‌باران،
باخچه‌ی پڕ له‌ شیله‌ و بۆن-
پژمینی گوڵ!

سەردار حەمید خورشید ناسراو بە "سەردار نۆڕێ"، وێنەکێش و شاعیرە لە رۆژى 1/5/1985 لە قەزارى کەلار لەدایکبوە، دەرچوی پەیمانگەی هونەرەجوانەکان بەشی شێوەکاری-نیگارکێشانە، مامۆستای نیگارکێشانە لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی کفری و لەساڵی 2011 ەوە مامۆستا و راهێنەرە لە "بەشی شێوەکاری"ی سەنتەری چالاکیی گەنجانی کەلار، خاوەنی چەندین تابلۆیە و لەساڵی 2005ەوە دەستیکردوە بە شیعرنوسین، بەڕێوەبەری "یانەی هایکوی کوردی"یە و بەڕێوەبەری نوسینی "گۆڤاری هایکیست"ە، لەساڵی 2017ەوە "هایکو، سینریۆ، تانکا، هایبون، هایگای" دەنوسێت، کە پێنج فۆرمی شیعری ژاپۆنین و بە دەستەخوشکی هایکۆ دادەنرێت


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP