خۆپیشاندەرانی لوبنان بۆ چاكسازیەكانی حەریری: پێش هەمو هەنگاوێك دەبێت حكومەت بكەوێت

- 10/21/2019 7:06:00 PM 1067 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاش نوێترین لێدوانی سەعد حەریری، سەرۆك وەزیرانی لوبنان سەبارەت بە دۆخی وڵاتەكەی و راگەیاندنی هەنگاوەكانی چاكسازی بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانەكان، دەستبەجێ خۆپیشاندەران وەڵامیان دایەوە و رایانگەیاند "دەبێت پێش هەر هەنگاوێك حكومەتی ئێستا كۆتایی بێت".

لە نێویاندا كەمكردنەوەی موچەی بەرپرسانی وڵاتە بۆ نیوەی موچەكانی ئێستایان هەبو

خۆپیشاندانەكانی هاوڵاتیانی لوبنان پێی ناوەتە رۆژی پێنجەمەوە، لە هەوڵەكانیدا بۆ دامركاندنەوەی توڕەیی خەڵك و كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكانیش، ئەمرۆ دوشەممە سەعد حەریری، سەرۆك وەزیرانی لوبنان لەمیانی لێدوانێكدا ژمارەیەك بڕیاری چاكسازی راگەیاند كە لە نێویاندا كەمكردنەوەی موچەی بەرپرسانی وڵاتە بۆ نیوەی موچەكانی ئێستایان هەبو.

لە مەیدانەكانی خۆپیشاندان، خۆپیشاندەران ئامادەنەبون تا كۆتایی گوێ لە وتەكانی حەریری بگرن و لە نیوەی وتەكاندا سەرجەمیان بە یەك دەنگ پەیمانەكانی حەریری-ان بە "درۆ" ناوزەند كرد و سەرلەنوێ داوایان لێكرد دەسن لە پۆستەكەی هەڵبگرێت.

بەردەوامدەبن لە خۆپیشاندان تا ئەوكاتەی حكومەتێكی سەربەخۆ و تایبەت پێكدەهێنرێت

هاوكات چالاكوانانی ناو خۆپیشاندەران كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان لە مەیدانێكی بەیروت-ی پایتەخت ئەنجامدا و تێیدا دوپاتیانكردەوە بەردەوامدەبن لە خۆپیشاندان تا ئەوكاتەی حكومەتێكی سەربەخۆ و تایبەت دور لە دامودەزگاكانی ئێستای سەر بە دەسەڵات و بەرژەوەندی تاكلایەنە پێكدەهێنرێت.

 بە گوێرەی خۆپیشاندەران، ئەو وتانەی حەریری تەنها لە چوارچێوەی گوفتاردایە وەكو هەمیشە ناچێتە بواری جێەبەجێكردنەوە، بەشێكی دیكەش پێیان وایە تا حكومەت نەگۆڕدرێت هیچ شتێك گۆڕانكاری بەسەردا نایەت.

ماوەی پێنج رۆژە سەرجەم چین و توێژە جیاوازەكانی لوبنان بە لێشاو رژاونەتە سەر شەقامەكان و داوای گۆڕینی ریشەیی حكومەت دەكەن، ئەوەش زیاتر لە دۆخی نائاسایی و قەیرانی دارایی و ئابوری ئەو وڵاتە سەرچاوەی گرتوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP