رۆژنامەنوسێک لە زاری بەرپرسانی ئەمریکا: ترەمپ بەنیازە دەست لە بەرپرسیاریەتی کوردەکان بشواتەوە

- 10/21/2019 6:09:00 PM 14848 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
 
رێچارد ئێنجێل، سەرۆکی پەیامنێرانی بیانی کەناڵی ئێن بیسی نیوز، لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە ئاماژە بەوە دەدات دۆناڵد ترمپ دەیەوێت دەستی لە بەرپرسیاریەتی خۆی بەرامبەر بە کوردەکان بشواتەوە.

ئێنجێل لە پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی" بەرپرسانی باڵای ئەمریکا پێیان وتوم، ترەمپ دەیەوێت دەستی خۆی لە بەرپرسایەتی بەرامبەر بە کوردەکان بشواتەوە، حکومەت و سوپای ئەمریکا دڵنیایانداوە لە پارێزگاریکردن لەکوردەکان..".

ئێنجێل هەروەها ئاماژاەی بەوەشداوە، ئەمریکا داوای لە کوردەکان کردوە واز لە بەرگریکردن بێنن و رێگای بەردەم لەشکرکێشیەکانی تورکیا چۆڵ بکەن".

"کوردەکان پابەند بون و ئێستاش وا ئاوارە دەکرێن و کۆشکی سپیش دەڵێت ئەوە کیشەی ئێمە نیە".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاندبو، هێزەکانی ئەمریکا، کە ژمارەیان هەزار سەرباز دەبێت لە رۆژئاڤای کوردسان دەکشێنێتەوە، لە قۆناغی یەکەمی کشانەوەکەشدا 50 سەربازی لەسەر رێگەی ئەو لەشکرکێشیە سەربازیە کشانەوە، کە 9ی ئۆکتۆبەر لەلایەن تورکیاوە لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامدرا.

لەماوەی دو هەفتەی رابردودا، ترەمپ لەچەندین ئاماژەی جیاوازدا بێبەریبونی خۆی بەرامبەدر بەرپرسیاریەتی لەهەمبەر کوردەکان دەرخست و بە ئاماژەی" ئەوان شەڕ لە پیناو خاکی خۆیان دەکەن.. لە جەنگی دوەمی جیهانی یارمەتی ئێمەیان نەداوە... کوردەکان فریشتە نین و ئێمە پۆلیسی پارێزگاری ئەوان نین" دەستی خۆی لەو بەرپرسیاریەتیە شۆرد.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP