پەرلەمانی بریتانیا رەتیکردەوە دەنگدان لەسەر رێکەوتنەکەی جۆنسن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا دوبارە بکاتەوە

- 10/21/2019 6:01:00 PM 3222 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کەمێک بەرلەئێستا جۆن بێرکۆ، سەرۆکی پەرلەمانی بریتانیا، داوایەکی حکومەتی بۆ دوبارەکردنەوەی دەنگدان لەسەر رێکەوتنەکەی بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیران بۆ دەرچون لەیەکێتی ئەوروپا رەتکردەوە.

لەوبارەیەوە سەرۆکی پەرلەمانی بریتانیا رایگەیاندوە، پێشتر ئەو رێکەوتنە خراوەتە بەردەم پەرلەمانتاران و لەئێستادا دوبارەکردنەوەی ئەو هەنگاوە گونجاو نیە.

رۆژی شەممەی رابردو، پەرلەمانی بریتانیا پرسی یەکلایکردنەوەی رێکەوتنەکەی بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا دواخست بۆ کاتێکی دیکە و بەوەش ئەگەری پەسەندکردنی رێکەوتنەکەی جۆنسن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەشکست نزیکبوەوە.

لەماوەی چوار ساڵی رابردودا تێریزامەی سەرۆک وەزیرانی پێشوی بریتانیا و بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیرانی ئێستا چەند جارێک پرۆژەی دەرچون لەیەکێتی ئەروپایان بۆ رێکەوتنی کۆتایی خستۆتە بەردەم پەرلەمانتاران، بەڵام پرۆژەکان نەیانتوانیوە پەرلەمانتاران بەوجۆرە رازیبکەن کە دەنگی لەسەر بدرێت.

پرسی یەکلایکردنەوەی سنورەکانی ئایرلەندا پاش دەرچونی بریتانیا لەیەکێتییەکە کێشەی سەرەکی برێگزتە، جۆنسن یەکێتی ئەوروپای بەقبوڵکردنی سنورەکانی ئایرلەندای باکوری وەک بەشێک لەسنوری بریتانیا و درێژکردنەوەی هێشتنەوەی ئەو پرسە بۆ چوار ساڵی ئایندە، رازیکردبو، بەڵام بریتانییەکان ئەوە بەزیان بۆخۆیان دادەنێن و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان و بەشێک لەپەرلەمانتارانی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداریش دژی رێکەوتنەکەن. 


نیشانەکردن :

#برێکزیت_Brexit

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP