پێنتاگۆن: ئەمریکا هەمو سەربازەکانی لە رۆژئاڤای کوردستان ناکشێنێتەوە

- 10/21/2019 5:04:00 PM 622 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-  

وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەهەوڵدایە بۆ هێشتنەوەی هەندێک لەهێزەکانی لە رۆژئاڤای کوردستاندا بۆ رێگریکرن لە دەسبەسەراگرتنەوەی کێڵگە نەوتییەکانی ئەو ناوچەیە لەلایەن رێکخراوی چەکداری داعشەوە.

ئەمڕۆ دوشەممە مارک ئەسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتیەکانی رۆژهەڵاتی فورات لەدەست رێکخراوی چەکداری داعش، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەپلانیدایە هەندێک لەهێزەکانی لەو ناوچانەدا بهێڵێتەوە، بەڵام بڕیای کۆتایی لەوبارەیەوە نەدراوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاندبو، هێزەکانی ئەمریکا، کە ژمارەیان هەزار سەرباز دەبێت لە رۆژئاڤای کوردسان دەکشێنێتەوە، لە قۆناغی یەکەمی کشانەوەکەشدا 50 سەربازی لەسەر رێگەی ئەو لەشکرکێشیە سەربازیە کشانەوە، کە 9ی ئۆکتۆبەر لەلایەن تورکیاوە لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامدرا.

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا وەک بەشێکی دیکەی ئەو پرۆسەیە لەرۆژئاڤای کوردستانەوە کشانەوە و لە سنوری عێراق پەڕینەوە.

لە چەند رۆژی رابردودا، لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئەفغانستان مارک ئەسپەر ئاماژەی بەوەکردبو، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەندێک لەهێززەکانی خۆی لە دەوروبەری ئەو شارانەی رۆژئاڤای کوردستان جێگیرکردوە، کە کێڵگە نەوتییەکانیان تێدایە.

دەربارەی ژمارەی ئەو سەربازانەی کە ویلایەتە یەکگرتوەکان بڕیارە لەو ناوچانە بیهێڵتەوە کە کێڵگە نەوتییەکانی تێدایە، هیچ رونکردنەوەیەکی جیکەی نەدا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP