نوێنەری مەسەدە لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس کۆبوەوە
ئەندامانی کۆنگرێس: واشنتۆن پشتیوانی لە هێزەکانی هەسەدە دەکات

- 10/21/2019 2:29:00 PM 6774 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتۆن سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا سەردانی کۆنگرێسی ئەمریکای کرد، لە کۆبونەوەکەدا ئەندامانی کۆنگرێس رایگەیاندوە، لە نزیکەوە چاودێری ‌هێرشەکان دەکەن و بۆ راگرتنیشی هەمو جۆرە رێکارێک دەگرنەبەر.

میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە، سینەم محەمەد، نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە واشنتۆن لەگەڵ یوت ئەنجل، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی کۆنگرێس، جین شاهین و سکوت بێری ئەندامانی کونگرێس لە هەردو پارتی کۆماری و دیموکرات کۆبوەتەوە و دوا گۆڕانکارییەکان و بەرخودانی شەڕڤانانی بەرامبەر هێرشەکان سوپای تورکیا و گروپە چەکدارییەکانی پێڕاگەیاندون.
 واشنتۆن پشتیوانی لە هێزەکانی هەسەدە دەکات کە تائێستاش هاوپەیمانی ئەمریکان لە شەڕی دژی داعشدا و ئیدانەی هێرشەکانی سوپای تورکیا دەکەن

 

ئەندامی کۆنگرێس بە نوێنەری مەسەدەیان راگەیاندوە، واشنتۆن پشتیوانی لە هێزەکانی هەسەدە دەکات کە تائێستاش هاوپەیمانی ئەمریکان لە شەڕی دژی داعشدا و ئیدانەی هێرشەکانی سوپای تورکیا دەکەن کە پێکهاتەکانی کورد، عەرەب و سریانی ناوچەکەی کردوەتەوە ئامانج.
هێزەکانی ئەمریکا بە چاودێری فڕۆکەی ئەمریکی لە رێگەی دەروازەی سحێلاوە خاکی سوریایان بەجێهێشتوە و گەیشتونە پارێزگای دهۆک

 

ئەوە لە کاتێکدایە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا بە چاودێری فڕۆکەی ئەمریکی لە رێگەی دەروازەی سحێلاوە خاکی سوریایان بەجێهێشتوە و گەیشتونە پارێزگای دهۆک.

رونیشیکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە ناو نزیکەی 100 زرێپوشدا بون و لە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی سوپای وڵاتەکەی لە باکوری سوریا لە دوا خاڵی سنوری عێراق- سوریا تێپەڕیون و گەیشتونەتە هەرێمی کوردستان.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP