بەپەلە

وەفیق سامەرائی: پێویستە کورد واز لە دەستوەردان لە کاروباری ناخۆیی سوریا و عێراق بهێنێت

- 10/21/2019 12:50:00 PM 18375 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەفیق سامەڕائی، بەرپرسی پێشوتری هەواڵگری سەربازی عێراق لەسەر دۆخی ئێستای سوریا رایگەیاند، هەسەدە بە هێمنی بە دوری 30 کیلۆمەتر لەسەر سنور دەکشێتەوە و رادەستی حکومەتی سوریای دەکات، دەشڵیت، پێویستە کورد لە سوریا و عێراق واز لە دەستێوەردان کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانە بهێنن.
دوای بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا، جوڵەی ‌هێزەکانی هەسەدە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق بەبێ مەرج دەستیپێکردوە

 

وەفیق سامەڕائی، بەرپرسی پێشوتری هەواڵگری سەربازی عێراق لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبوک لە نوسینێکدا رایگەیاندوە، دوای بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە باکوری سوریا، جوڵەی ‌هێزەکانی هەسەدە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق "بەبێ مەرج" دەستیپێکردوە، لەو چوارچێوەشدا سوپای سوریا گەڕاوەتەوە ناوچە سنورییەکان کە ئەوە بەرەپێشچونێکی بەرچاوە.
کورد لەبەر هەستیارییەکانی تورکیا لە 30 کیلۆمەتری سەر سنور بە رێککەتن لەگەڵ سوریا کشایەوە

 

سامەڕائی کە راوێژکاری پێشوی سەرۆک کۆماری عێڕاقیش بو بۆ کاروباری سەربازی دەڵێت، کورد لەبەر هەستیارییەکانی تورکیا لە 30 کیلۆمەتری سەر سنور بە رێککەتن لەگەڵ سوریا کشایەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی رێگری لە هێزەکانی تورکیا بکرێت ناوچەکە کۆنتڕۆڵبکەن.
پێویستە عێراق رێوشوێنی ناوەندی بۆ پاراستنی سنورەکانی لەگەڵ سوریا بگرێتەبەر

 

سەبارەت بە هاوسۆزی هەرێمی کوردستان بۆ کوردانی سوریا و رەوانەکردنی پشتیوانی مرۆیی و کردنەوەی دەرگا بەڕوی ئاوارەکان و بریندارەکاندا باسی لەوەکردوە، "پێویستە عێراق رێوشوێنی ناوەندی (مەرکەزی) بۆ پاراستنی سنورەکانی لەگەڵ سوریا بگرێتە بەر و پێویستە دەستێوەردانی کوردانی ئەو دو وڵاتە کاروباری وڵاتەکانی دیکەدا بوەستێنرێت".
دو رۆژ لەمەبەر لە نزیکەی 15 ملیۆن کەس بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمە ئاینییەکان سەردانی کەربەلایان کرد و لەلایەن هێزەکانی سوپا و حەشد بە باشی ئاسایشی مەراسیمەکە پارێزراوە

 

سەبارەت بە دۆخی عێراقیش سامەڕائی دەڵێت، "دو رۆژ لەمەبەر لە نزیکەی 15 ملیۆن کەس بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمە ئاینییەکان سەردانی کەربەلایان کرد و لەلایەن هێزەکانی سوپا و حەشد بە باشی ئاسایشی مەراسیمەکە پارێزراوە، ئەوەش متمانەی هاوڵاتیانی بە توانا ستراتیژییەکان و پاراستی گەل بەهێزتر کرد".
خۆپیشاندانەکان وانەی ئەوەی پێدان کە چیتر ناکرێت چاکسازی دوابخرێت و پێویستە پێداچونەوە بە بەرنامەی کاری پارتەکان و حکومەتدا بکرێت

 

رونیشیکردەوە، "خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ئەم مانگە کە گەنجان بۆ پارێزگاریکردن لە عێراق و خەڵکەکەی لەسەر شەقام بون، وانەی ئەوەی پێدان کە چیتر ناکرێت چاکسازی دوابخرێت و پێویستە پێداچونەوە بە بەرنامەی کاری پارتەکان و حکومەتدا بکرێت بە جۆرێک لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدابێت".

وەفیق سامەڕائی ئەوەشی خستەڕو، پێویستە چاکسازی بە هێمنی و ئاشتیانە دەستپێبکات و  بەردەوام بێت، کە سەرەتای ئەو هەوڵانەش لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە بە کرداری دەستیپێکردوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP