هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

حکومەتی عێراق: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێمە بوە

- 10/21/2019 12:19:00 PM 8270 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق رایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە سوریاوە بە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان و بۆ ناوخاکی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریاوە بەرەو عێراق کۆبونەتەوە

 

ماڵپەڕی روسیا تودەی لە سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراقەوە بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریاوە بەرەو عێراق کۆبونەتەوە.
هیچ هێزێک بەبێ رێککەوتن رێگەی پێنادرێت بێتەناو خاکی عێراقەوە

 

سەرچاوەکە باسی لەوەشکردوە، هیچ هێزێک بەبێ رێککەوتن رێگەی پێنادرێت بێتەناو خاکی عێراقەوە، بەڵام هاتنی ئەو هێزەی ئەمریکا بۆ عێراق بە هەماهەنگی و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا بە چاودێری فڕکەی ئەمریکی لە رێگەی دەروازەی سحێلاوە خاکی سوریایان بەجێهێشتوە و گەیشتونە پارێزگای دهۆک.
هێزەکان لە ناو نزیکەی 100 زرێپوشدا بون و لە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی سوپای وڵاتەکەی لە باکوری سوریا لە دوا خاڵی سنوری عێراق- سوریا تێپەڕیون و گەیشتونەتە هەرێمی کوردستان

 

رونیشیکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە ناو نزیکەی 100 زرێپوشدا بون و لە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی سوپای وڵاتەکەی لە باکوری سوریا لە دوا خاڵی سنوری عێراق- سوریا تێپەڕیون و گەیشتونەتە هەرێمی کوردستان.

دوێنێ یەکشەممە مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاندبو، پێشبینی دەکەن نزیکەی هەزار سەربازی وڵاتەکەی لە سوریاوە بەرەو رۆژئاوای عێراق بکشێننەوە. 

 ئاماژەی بەوەشکردوە، "کشانەوەی هێزەکانمان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەمی دەبێت، ئێمە باس لە کشانەوە لە چەند هەفتەیەکدا دەکەین نەک لە چەند رۆژێک".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP