بەپەلە

ڤیدیۆ؛ هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاڤای کوردستانەوە بەرەو هەرێمی کوردستان کشانەوە

- 10/21/2019 9:33:00 AM 4553 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە رۆژئاڤای کوردستانەوە لە دەروازەی سحێلاوە بەرەو هەرێمی کوردستان کشانەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا بە چاودێری فڕکەی ئەمریکی لە رێگەی دەروازەی سحێلاوە خاکی سوریایان بەجێهێشتوە و گەیشتونە پارێزگای دهۆک.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزەکانی ئەمریکا لە ناو نزیکەی 100 زرێپوشدا بون و لە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانوەی سوپای وڵاتەکەی لە باکوری سوریا لە دوا خاڵی سنوری عێراق- سوریا تێپەڕیون و گەشتونەتە هەرێمی کوردستان.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە هەواڵێکدا باسی لەوەکردوە، ئامانجی سەرۆکی ئەمریکا لەو هەنگاوە بەردەوامبونە لە جەنگی دژی داعش و رێگریکردن لە نزیکبونەوەی هێزەکانی سوپای سوریا و هێزەکانی روسیا لە ناوچە نەوتییەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.

دوێنێ یەکشەممە مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاندبو، پێشبینی دەکەن نزیکەی هەزار سەربازی وڵاتەکەی لە سوریاوە بەرەو رۆژئاوای عێراق بکشێننەوە. 
 
ئاماژەی بەوەشکردوە، "کشانەوەی هێزەکانمان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەمی دەبێت، ئێمە باس لە کشانەوە لە چەند هەفتەیەکدا دەکەین نەک لە چەند رۆژێک".

ئەوەشی خستەوەتەڕو، پلانی ئێستای واشنتۆن جێگیرکردن و رێکخستنەوەی ئەو هێزانەیە لە رۆژئاوای عێراق.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP