گەشتێکی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا هەڵوەشاوەتەوە

- 10/21/2019 9:30:00 AM 9664 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێری رابردودا گەشتێکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ تورکیا هەڵوەشاوەتەوە، چالاکوانان هۆکارەکەی بۆ کاریگەری هەڵمەتی بایکۆت دەگەڕێنەوە، بەڵام وتەبێژی فڕۆکەخانەی سلێمانی هۆکارەکەی بۆ کۆتایهاتنی وەرزی گەشتیاری دەگەڕێنێتەوە.
زیاتر لە هەفتەیەکە هەڵمەتى بایکۆتکردنى بەرهەم و کاڵاکانى وڵاتى تورکیا لەلایەن هاوڵاتیانى کوردەوە لەدژى لەشکرکێشی ئەنقەرە بۆ سەر رۆژئاڤاى کوردستان دەستیپێکردوە

 

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە هەڵمەتى بایکۆتکردنى بەرهەم و کاڵاکانى وڵاتى تورکیا لەلایەن هاوڵاتیانى کوردەوە لەدژى لەشکرکێشی ئەنقەرە بۆ سەر رۆژئاڤاى کوردستان دەستیپێکردوە، تادێت هەڵمەتەکە بەرەو فراوان بون دەچێت، بەجۆرێک تەنها لە تۆڕی کۆمەڵایتی فەیسبوک نزیکەی 180 هەزار کەس بەشداری کەمپینەکەیان کردوە.
بەهۆکاری کۆتایهاتنی وەرزی گەشتکردنی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ دەرەوە لە ئێستادا زۆربەی کۆمپانیاکان ژمارەی گەشتیەکانیان کەمدەکەنەوە

 

سەبارەت بە کاریگەری ئەو دۆخە لەسەر رێژەی گەشتی هاوڵاتیان بۆ وڵاتی تورکیا، دانا محەمەد، وتەبێژی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، بەهۆکاری کۆتایهاتنی وەرزی گەشتکردنی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ دەرەوە لە ئێستادا زۆربەی کۆمپانیاکان ژمارەی گەشتیەکانیان کەمدەکەنەوە، ئەوەش کارێکی سروشتیە.
بەهۆی دەستپێکردنەوە خوێندن و دەوامی فەرمیەوە گەشتەکان کەمتر دەبنەوە

 

دەربارەی کاریگەری ئەو کەمپینەی کە لە لایەن هاوڵاتیانی هەرێمەوە راگەیەنراوە، ئەو بەرپرسەی فڕۆکەخانەی سلێمانی باسی لەوەکرد، هەنگاوێکی سروشتیە ساڵانە لە مانگی ئایارەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلول بە وەرزی گەشتکردن ناسراوە و لەو بەروارەوە بەهۆی دەستپێکردنەوە خوێندن و دەوامی فەرمیەوە گەشتەکان کەمتر دەبنەوە، بۆیە پێشبینی ناکەن هەڵوەشانەوەی ئەو گەشتانە بەهۆی بایکۆتەوە بوبێت.

پاش ئەوەى لە رۆژى نۆی ئەم مانگە سوپاى تورکیا لەشکرکێشیەكى بۆ سەر رۆژئاڤاى کوردستان دەستپێکرد، لە لایەن هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان و کوردانى جیهانەوە وەک ناڕەزایی دژى لەشکرکێشیەکە هەڵمەتێک بۆ بایکۆتکردنى بەرهەمەکانى ئەو وڵاتە راگەیەندرا.
وڵاتى تورکیا لە ساڵى 2018 یەک لەسەر سێى ئاڵوگۆرى بازرگانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتانى جیهانى پێکهێناوە

 

وڵاتى تورکیا لە ساڵى 2018 یەک لەسەر سێى ئاڵوگۆرى بازرگانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتانى جیهانى پێکهێناوە.

هاوڵاتیەک بەناوى بەختیار عەلى حەمە لەبارەی هەڵمەتی بایکۆتکردنەوەکە نوسیویەتی، "مناڵەکەم تەمەنی حەوت ساڵە، پارچەیەکى هەڵگرت کاتێک سەیرم کرد تورکی بو لێم وەرگرت و دامنایەوە، تیمگەیاند کاتێک ئێمە ئەو پارەیە دەدەین بەو شتە وەک ئەوە وایە پارە بدەین بە تورکیا و ئەویش بەو پارەیە منداڵەکانی کوردستانی روژئاڤای پێ دەکوژێت".
لە وتارى هەینى داهاتو هانى خەڵک دەدەم بۆ بایکۆتکردنى کەلوپەلى تورکى

 

مامۆستایەکى ئاینیش بەناوى سیروان ئاسودە دەڵێت، "لە وتارى هەینى داهاتو هانى خەڵک دەدەم بۆ بایکۆتکردنى کەلوپەلى تورکى".

لای خۆیەوە عزەت سابیر، ئابوریناس دەربارەى کاریگەرى بایکۆتکردنى بەرهەم و کاڵاکانى وڵاتى تورکیا بە خەندان-ى راگەیاند، "بایکۆتکردنى کاڵاى تورکى لە هەرێمى کوردستان هێندەى سزاکانى دۆناڵد ترەمپ کاریگەرى دەبێت بۆ سەر ئابورى تورکیا".

وتیشى،"ئەم بایکۆتەکە شتێکى خۆرسکیە، هاوڵاتى کورد قورسە بەلایەوە بەرهەمێکى تورکى بەکاربهێنێت لەکاتێکدا منداڵى کورد بەدەستى ئەو وڵاتەوە دەکوژرێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP