بایكۆتی كاڵای توركی لەبەرامبەر هێرشەكان
وەزارەتى بازرگانى: 1300 کۆمپانیاى تورکى لە هەرێم کاردەکەن

- 10/20/2019 11:48:00 PM 9888 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەڵمەتى بایکۆتکردنى بەرهەم و کاڵاکانى وڵاتى تورکیا لەلایەن هاوڵاتیانى کوردەوە لەدژى لەشکرکێشی ئەنقەرە بۆسەر رۆژئاڤاى کوردستان بەرەو فراوان بون دەچێت، وەزارەتى پیشەسازى و بازرگانى حکومەتى هەرێمیش رایدەگەیەنێت، 1300 کۆمپانیاى تورکى لە هەرێم کاردەکەن.

پاش ئەوەى لە رۆژى 9/10/2019 سوپاى تورکیا لەشکرکێشیەكى بۆ سەر رۆژئاڤاى کوردستان دەستپێکرد، لە لایەن هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان و کوردانى جیهانەوە وەک ناڕەزایی دژى لەشکرکێشیەکە هەڵمەتێک بۆ بایکۆتکردنى بەرهەمەکانى ئەو وڵاتە راگەیەندرا.

هەڵمەتى بایکۆتکردنى بەرهەم و کاڵاکانى وڵاتى تورکیا بەشێوەیەکى خۆرسکانە لە فراوان بوندایە و رۆژانە ژمارەیەکى زۆر لەهاوڵاتیان پشتگیرى دەکەن، بە شێوەیەک هاوڵاتیان هەستاون بەدروستکردنى ژمارەیەک پەیج و گروپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ بانگەشەکردن و بڵاوکردنەوەى زیاترى هەڵمەتى بایکۆتکردنى بەرهەمە تورکیەکان.

هاوڵاتیەک بەناوى پێشڕەو لەتیف نوسیویەتى،" لەسەر ھەر کاڵایەکی تورکی، وێنەی منداڵێکی کوژراوی کورد دەبینم، لەسەر خواردنە تورکیەکان، خوێنی رژاوی پڕ باروتی کورد دەبینم".

مناڵەکەم تەمەنی حەوت ساڵە، پارچەیەکى هەڵگرت کاتێک سەیرم کرد تورکی بو لێم وەرگرت و دامنایەوە

 

هاوڵاتیەکى دیکەش بەناوى بەختیار عەلى حەمە نوسیویەتى،"مناڵەکەم تەمەنی حەوت ساڵە، پارچەیەکى هەڵگرت کاتێک سەیرم کرد تورکی بو لێم وەرگرت و دامنایەوە، تیمگەیاند کاتێک ئێمە ئەو پارەیە دەدەین بەو شتە وەک ئەوە وایە پارە بدەین بە تورکیا و ئەویش بەو پارەیە منداڵەکانی کوردستانی روژئاڤای پێ دەکوژێت".

مامۆستایەکى ئاینى بەناوى سیروان ئاسودە نوسیویەتى،"لە وتارى هەینى داهاتو هانى خەڵک دەدەم بۆ بایکۆتکردنى کەلوپەلى تورکى".

خاوەن کارێکیش بەناوى ئەرێز ناوپردانى نوسیویەتى، "من وەک خاوەنی سوپەرمارکێتێک لە بریتانیا لەمڕۆ بەدواوە هیچ کاڵایەکی تورکی نافرۆشین".

وڵاتى تورکیا لە ساڵى 2018 یەک لەسەر سێى ئاڵوگۆرى بازرگانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتانى جیهانى پێکهێناوە.

فەتحى محەمەد، وتەبیژى وەزارەتى پیشەسازى و بازرگانى لە لێدوانێکیدا بۆ خەندان رایگەیاند،" ئاڵوگۆرى بازرگانى نێوان وڵاتى عێراق و وڵاتى تورکیا لە ساڵى 2018 نزیکە 16 ملیار دۆلار بوە و لەو رێژەیەش ئاڵوگۆرى بازرگانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا 8 ملیار دۆلار بوە".

بەشیوەیەکى گشتى ئاڵوگۆرى بازرگانى نیوان هەرێمى کوردستان و وڵاتانى جیهان 28 ملیار دۆلار بوە

 

وتیشى،"بەشیوەیەکى گشتى ئاڵوگۆرى بازرگانى نیوان هەرێمى کوردستان و وڵاتانى جیهان 28 ملیار دۆلار بوە".

راشیگەیاند،"لە ئێستادا نزیکەى 1300 کۆمپانیاى تورکى لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن، پێشبینى دەکرێت بۆ ساڵى 2019 برى ئاڵوگۆرى بازرگانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا زیاتر بێت لە ساڵى پێشو".

ئابوریناسێکیش دەڵێت بایکۆتکردنى کاڵاى تورکى لە هەرێمى کوردستان هێندەى سزاکانى دۆناڵد ترەمپ کاریگەرى دەبێت بۆ سەر ئابورى تورکیا.

عزەت سابیر، ئابورى ناس و پەرلەمانتارى پێشوى پەرلەمانى کوردستان دەربارەى کاریگەرى بایکۆتکردنى بەرهەم و کاڵاکانى وڵاتى تورکیا بە خەندان-ى راگەیاند،"بایکۆتکردنى کاڵاى تورکى لە هەرێمى کوردستان هێندەى سزاکانى دۆناڵد ترەمپ کاریگەرى دەبێت بۆ سەر ئابورى تورکیا".

هاوڵاتى کورد قورسە بەلایەوە بەرهەمێکى تورکى بەکاربهێنێت لەکاتێکدا منداڵى کورد بەدەستى ئەو وڵاتەوە دەکوژرێت

 

وتیشى،"ئەم بایکۆتەکە شتێکى خۆرسکیە، هاوڵاتى کورد قورسە بەلایەوە بەرهەمێکى تورکى بەکاربهێنێت لەکاتێکدا منداڵى کورد بەدەستى ئەو وڵاتەوە دەکوژرێت".

رونیشیکردەوە،"بایکۆتکردن سەرکەوتو دەبێت و کاریگەرى دەبێت لەسەر وڵاتى تورکیا، بەڵام دەبێت بە قۆناغ و بەرنامە بکرێت، لە سێلاوە وڵاتى تورکیا بە کوردنشین دەورەى دراوە، ئەگەربێت و کورد بایکۆتى کاڵاى تورکى بکات بێگومان ئابورى ئەو وڵاتە زیانى گەورەى پێدەگات".

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP