بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: لێدوانەكانی ترەمپ دەرگا بۆ پاكتاوی نەژادی بەروی توركیا دەكاتەوە

- 10/20/2019 11:39:00 PM 3665 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاڤای كوردستان رایگەیاند،"لەماوەی سێ رۆژی ئاگربەستی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و دەوڵەتی توركیا، بەناوبژیوانی ئەمریكا، هێرشەكانی توركیا بەردەوامی هەبوە و بەو هۆیەوە 25 شەڕڤان كوژران و 17ی دیكەش برینداربون".

راشیگەیاندوە،"نامرۆڤانەترین كۆمەڵكوژی دەرهەق بە هاوڵاتیانی سیڤیل لە سەرێ كانی كراوە، لەسەرەتای ئاگربەستەكەوەو لەماوەی سێ رۆژی رابردودا 17 هاوڵاتی مەدەنی كوژراون و بەدەیان تەرمی هاوڵاتی سڤیل لە بن بیناكاندا دۆزرانەوە، بەهۆی بەكارهێنانی چەكی فسفۆڕی سپی قەدەغە كراوەوە رەوشێكی خراپ لەناو شاری سەرێ كانی هەیە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزەکانی تورکیا و چەکداران چەندین تاوانی کوشتن، رفاندن، دزین، تاڵان و هەڕەشەکردنیان ئەنجامداوە، وەک ئەوەی پێشتر لە عفرین ئەنجامیاندا. ئەمریکاش وەک هێزێکی گەرەنتیکاری نێوان هەردولا کە بەرپرسە لە بەدواداچونی ئەو ئاگربەستە بێدەنگ بوە".
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاندوە،" بە سەرسوڕمانەوە لە لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ دەڕوانێت کە رایگەیاندبو، پرۆسەی ئاگربەستی کاتی بە سەرکەوتویی بەڕێوەدەچێت و لایەنی تورکی پێوەی پاندبوە، لەكاتێكدا تورکیا و چەکدارەکان بەهیچ شێوەیەک پابەندی رێكکەوتن نەبون و بەردەوام پێشلیان کردوە.
 
ئەوەشخراوەتەرو، "لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی ئەوەی دانیشتوانی کورد لە ناوچەی نوێ نیشتەجێ دەکەن دەرگە لەبەردەم پاکتاوی نەژادی دروستدەکات کە تورکیا ئامانجییەتی ئەنجامی بدات، چونکە خەڵكی سڤیل لە ناوچەکانیان لە سەرێ کانی و گرێ سپی ئاوارەبون و پێویستە ئەمانە بە گەرەنتی نێودەوڵەتی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و لە ژێر پاراستنی نێودەوڵەتییدا بن، ئێستا تورکیا سومەندە لە کۆمەڵکوژکردنی گەلەکەمان و پێویستە ئەمریکا بەرپرسیاریەتی تەواو بگرێتە ئەستۆ".
 
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردوە فشار بخاتە سەر تورکیا بۆ ئەوەی هێزەکانی لەو ناوچانە بکێشنێتەوە کە کۆنتڕۆڵی کردون، داواش دەکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێزی نێودەوڵەتی رەوانە بکەن بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل لە هەمو پێشلکارییەک. تورکیا چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی بەکارهێناوە دژی گەلەکەمان وپێویستە لیژنەیەک دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکات لە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی و لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خەڵکی سڤیل بکات".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP