هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

پەرلەمانتارێکى پارتى: دوای رۆژئاڤا ئاڕاستەی دژایەتی بەرەو روی باشوری كوردستانە

- 10/20/2019 10:20:00 PM 32472 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

پێشەوا هەورامى، پەرلەمانتارى پارتى رایگەیاند،" دوای رۆژئاڤای كوردستان ئاڕاستەی دژایەتی دەوڵەتانی دەوروبەر بەرەو روی باشوری كوردستانە، رۆژئاڤا بەتەنها ئامانج نییە".

پێشەوا هەورامى، پەرلەمانتارى پەرلەمانى کوردستان لەسەر فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک نوسیویەتى،"بەم نزیكانە دۆخی عێراق بەرەو شڵەژانێك دەچێت، دەبێت كورد لە باشور خۆی ئامادەبكات وەك پێكهاتەیەكی هەمیشە بەئامانجكراو لەكاتی ئەو گۆڕانكارییانەی بەدرێژایی مێژو رودەدەن لە عێراقدا، بۆ ئەوەى مامەڵەبكات لەگەڵ ئەو هێزەی عێراق بەڕێوەدەبات دوای عەبدولمەهدی كە هێشتا رون نییە كێیە و سەر بە كام لایەنە لەعێراق".

نوسیویشیەتى،" بەڵام خراپ ئەمەیە چەندین پرسی ترسناك ئێستا لەمێشكی زۆرینەیەكی سیاسی عێراقی گەڵاڵە بوە، خراپترینیان داواكاری گۆڕینی دەستوری عێراق و سڕینەوەی مافەكانی كوردە تێیدا وەك هەرێمێكی فیدراڵی چەندین بابەتی دیكە كورد ئامانجە تێیانداو ئەم دەنگانە پاش بینینی دۆخی رۆژئاڤای كوردستان زۆر بەرزبونەتەوە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی".

پەرلەمانتارەکەى پارتى راشیگەیاندوە،"دوای رۆژئاڤای كوردستان ئاراستەی دژایەتی دەوڵەتانی دەوروبەر بەرەو روی باشوری كوردستانە، ئەوان ئەوەی ویستیان لەوێ بۆیان چوە سەر، بە دیقەتدان لەمە بۆمان دەردەكەوێت رۆژئاڤا بەتەنها ئامانج نییە".

وتوشیەتى،"پەلاماردانی رۆژئاڤا تاقیكردنەوەیەك بو بۆ زانینی هەڵوێستی ئەمەریكاو ئەو وڵاتانەی كە بەحساب كورد هاوپەیمانیانە لەئەگەری دەست بردن بۆ كورد هەڵوێستیان چیدەبێت، بێدەنگ بونی ئەوان لەبەرانبەر سوتاندن و كوشتن و بڕینی خەڵكی سڤیل و چاو پۆشی و خۆ گێلكردنیان لەبەرانبەر ئەوانەی شەڕیان دژی گەورەترین رێكخراوی تیرۆریستی جیهانیكرد لەبری جیهان، بوار دەداتە دەوڵەتانی دژی كیانی كوردی لەهەر شوێنێك، پەل بۆ باشوریش بهاوێژن".

پێشەوا هەورامى لە کۆتایی نوسینەکەى دا ئاماژەى بە یەکریزى کورد کردوە و نوسیویەتى،"یەك مەرگ و یەك ژیان هەڵنەبژێرین، دەبینە پەندی زەمانە، ئەگەر دیسان لەسەر رێچكەی باب و باپیرانمان بچین و ئەمجارە بەهۆش خۆ نەیەینەوە و هەریەكەمان لە ئاوازێك بخوێنین".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP