هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

هەسەدە لە سەرێ کانی کشایەوە

- 10/20/2019 5:01:00 PM 12179 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەچوارچێوەی رێککەوتنی ناوچەی ئارام کە لە رۆژی 17ی ئەم مانگە لە نێوان ئەمریکا  و تورکیادا واژۆکرا، کەمێک لەمەوبەر هێزەکانی سوریای دیموکرات دوای 12 رۆژ بەرگری لە شاری سەرێ کانی کە دەکەوێتە سەر سنوری تورکیا کشانەوە.

ماڵپەڕی روسیا تودەی لە هەواڵێكدا ئاماژەی بەوەکردوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات لەناوەندی شاری سەرێ کانی بەرەو شاری حەسەکە کشانەوە و هێزەکانی و تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی دەچنە شارەکەوە.

باسی لەوەشكردوە، هێزەکانی سەر بە هەسەدە لەگەڵ کشانەوەیاندا لە شارەکە بریندار و ئەو کەسانەشیان لەگەڵ خۆیان گواستوەتەوە کە لە شەڕەکاندا شەهیدبون، کشانەوەش لەسەر بنەمای رێککەوتنی 17ی ئەم مانگەی ئەنقەرە-واشنتۆنە لەسەر دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکوری سوریا کە هەسەدەش بە رێککەوتنە رازی بوە.

ئەمڕۆش مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە بە کەناڵی NBCی ئەمریکی راگەیاند، هێزەکانی تورکیا رێگری لە ئەندامانی هەسەدە دەکەن لە سەرێ کانی دەرچن، ئەوەشی وەکو پلانگێڕییەک و پابەندنەبون بە رێککەوتنەکە لێکداوەتەوە.

لای خۆیەوە ئەنقەرە ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە و لەسەر زاری مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیاوە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەوان هەموو وردەکاری ناوچەی ئارام و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنەکە و چۆنیەتی کشانەوەی یەپەگەیان بە ئەمریکا راگەیاندوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP