سەرەڕای بڕیاری ئاگربەست
هەسەدە: لە 24 کاتژمێری رابردودا 16 شەڕڤان شەهیدبون

- 10/20/2019 3:20:00 PM 2104 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -                  

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لە ئەنجامی لەشکرکێشییەکەی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لەماوەی 24 کاتژمێری رابردودا 16 شەڕڤان شەهیدبون و سێ شەڕڤانی دیکەش برینداربون.
سوپای تورکیا و چەکداران بەردەوامن لە هێرش و لەشکرکێشیەکانیان

 

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا ئاماری شەهید و بریندارەکانی ماوەی 24 کاتژمێری رابردوی  بڵاوکردەوەو رایگەیاند، سەرەڕای پابەندبونی شەڕڤانان بەو ئاگربەستەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا ئەنجامیدا، بەڵام سوپای تورکیا و چەکداران بەردەوامن لە هێرش و لەشکرکێشیەکانیان.
لەناوچەکانی دەوروبەری سەرێ کانی و دەوروبەری گوندی حەبەش و شەکریە، سوپای تورکیا و چەکداران هێرشیانکردوەتە سەر بنکەکانی شەڕڤانان

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەناوچەکانی دەوروبەری سەرێ کانی و دەوروبەری گوندی حەبەش و شەکریە، سوپای تورکیا و چەکداران هێرشیانکردوەتە سەر بنکەکانی شەڕڤانان، وەک بەرگری لەخۆیان شەڕڤانان وەڵامی هێرشەکانیان داونەتەوە.

هەسەدە باسی لەوەشکردوە، لە ئەنجامی ئەو لەشکرکێشییەی سوپای تورکیاو گروپە چەکدارەکان 16 شەڕڤان شەهیدبون و سێ شەڕڤانی دیکەش برینداربون.
لە نۆی ئەم مانگەوە لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان بەردەوامە

 

لە نۆی ئەم مانگەوە لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان بەردەوامە، سەرەڕای بڕیاری ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و تورکیادا کە 17ی ئەم مانگە واژۆیان کرد، بەڵام تا ئێستا تورکیا پابەندنەبوە بە بڕیاری ئاگربەستەکەوە.

دوێنێ جوان مستەفا، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماری شەهیدو بریندارەکانی راگەیاند و وتی، "سوپای داگیرکەری تورکیا ژمارەیەک بنکەی تەندروستی ئێمەی لە شارۆچکەی سەرێکانی کردوەتە ئامانج، ئەو بنکانەش ئێستا لەکار کەوتون".
نزیکەی 677 هاوڵاتی سڤیل تا ئێستا برینداربون، ژمارەی شەهیدانی مەدەنیش تا ئێستا گەیشتوەتە 235 هاوڵاتی کە 22 کەسیان منداڵن

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "نزیکەی 677 هاوڵاتی سڤیل تا ئێستا برینداربون، ژمارەی شەهیدانی مەدەنیش تا ئێستا گەیشتوەتە 235 هاوڵاتی کە 22 کەسیان منداڵن".

هەروەها خالد ئیبراهیم، هاوسەرۆکی نوسینگەی کاروباری رێکخراوەکان لە کانتۆنی جزیرە رایگەیاند، "لە بەردەم کارەساتێکی مرۆیی داین، نزیکەی 300 هەزار کەسی دانیشتوانی شارە سنورییەکان ئاوارەبون، لە شارۆچکەی حەسەکە 42 قوتابخانە پڕن لە ئاوارە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP