داوای دروستكردنی كەمپه‌ینی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ له‌شكركێشییه‌كانی توركیا ده‌كرێت

- 10/20/2019 3:11:00 PM 3008 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی ئه‌وروپی كه‌ پێكهاتبو له‌ ئه‌ڤین ئینجیر، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتیی ئه‌وروپا و كادر كه‌سیرگه‌ په‌رله‌مانتاری سوید کۆبونەوە و داوایان کرد کەمپەینی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی لەشکرکێشییەکانی تورکیا رابگەیەندرێت.

راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكى په‌رله‌مان و منى نبی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، پێشوازییان كرد له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی ئه‌وروپی كه‌ پێكهاتبو له‌ ئه‌ڤین ئینجیر په‌رله‌مانتاری یه‌كێتیی ئه‌وروپا و كادر كه‌سیرگه‌ په‌رله‌مانتاری سوید.
له‌دیدارەكەدا تاوتوێی بارودۆخی گشتیی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ره‌وشی سیاسی و ئابوریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا

 

ئاماژە بەوەشکراوە، له‌دیدارەكەدا تاوتوێی بارودۆخی گشتیی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ره‌وشی سیاسی و ئابوریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا.
هه‌ردولا هاوڕابون له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێكی گونجاو بۆ فشار خستنه‌سه‌ر وڵاتی توركیا بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزو وه‌ستاندنی بۆردومانه‌كان

 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له‌بارودۆخی رۆژئاڤای كوردستان كراو هه‌ردولا هاوڕابون له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێكی گونجاو بۆ فشار خستنه‌سه‌ر وڵاتی توركیا بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزو وه‌ستاندنی بۆردومانه‌كان و دورخستنه‌وه‌ی شه‌ڕو كاولكاری له‌ناوچه‌كه‌.

ئەوەش خراوەتەڕو، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرایه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ كار بكرێت بۆ دروستكردنی كامپه‌ینێكی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌له‌شكركێشییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوا.

لە راگەیەندراوکەدا هاتوە، له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا هه‌ردولا بیروڕای خۆیان ئاڵوگۆڕكرد له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی سویدو هه‌روه‌ها په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌وروپا. 

هه‌ر له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ كار بكرێت له‌سه‌ر دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان په‌رله‌مانی هه‌رێم و په‌رله‌مانه‌كانی ئه‌وروپا بۆ پێشخستنی كاری په‌رله‌مانی و چه‌سپاندنی زیاتری بنه‌ماكانی دیموكراسی.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP