روسیا هەڵوێستی نوێی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا راگەیاند

- 10/20/2019 2:10:00 PM 142139 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

حکومەتی روسیا هەڵوێستی نوێی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا راگەیاند و دەڵێت، رەنگە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا زیان بە چارەسەری سیاسی لە سوریا بگەیەنێت.

پێدەچێت لەشکرکێشی تورکیا لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا زیان بەپرۆسەی سیاسی لەو ناوچەیە بگەیەنێت

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی روسیا تودەی، ئەمڕۆ یەکشەممە دیمتری بیسکۆف وتەبێژی سەرۆکایەتی روسیا رایگەیاندوە، پێدەچێت لەشکرکێشی تورکیا لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا زیان بەپرۆسەی سیاسی لەو ناوچەیە بگەیەنێت.

لەمیانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەبەرنامەی ( مۆسکۆ، کرملن، پوتین)، لەکەناڵی روسیا 1، بیسکۆف رایگەیاندوە، پێشهاتەکانی ئەمدواییەی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا جێگای تێڕامانی کرملنە و پێیانوایە لەشکرکێشییەکە زیان بەپرۆسەی سیاسی ئەو ناوچەیە دەگەیەنێت.

پێشتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا رایگەیاندبو، پلانی داناوە رۆژەی 22-ی ئەم مانگە چاوی بە ڤیلادمیر پوتینی سەرۆکی روسیا بکەوێت و لەبارەی دواین پێشهاتەکانی ناوچەی ئارام لەسوریا گفتوگۆی لەگەڵ بکات.

رۆژی 9-ی ئەم مانگە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بڕیاریدا لەشکرکێشی بۆ باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێبکات بەئامانجی دورخستنەوەی هێزە کوردییەکان لەو ناوچەیە.

چوار رۆژ دواتر و لە 13-ی ئۆکتۆبەر، بەڕێکەوتنێک لەگەڵ هێزە کوردییەکان، حکومەتی سوریا هێزی سوپای وڵاتەکەی رەوانەی ناوچەکە کرد بەمەبەستی دەرکردنی سوپای تورکیا کە پێشتر پرۆسەکەی بەداگیرکاری لەقەڵەمدابو.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP