هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

سەدر پەیامێك ئاراستەی خۆپیشاندەرانی عێراق دەكات

- 10/19/2019 11:50:00 PM 7190 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

موقتەدا سەدر، سەرۆكی رەوتی سەدر پەیامێكی لەبارەی خۆپیشاندانە چاوەڕوانكراوەكەی 25ی ئەم مانگە بڵاوكردەوە و رایگەیاند،"هەمو سیاسیەكانی عێراق بۆ دۆزینەوەی چارەسەر كۆبونەتەوە، بەڵام تازە كار لەكار ترازاوە"

لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە، موقتەدا سەدر رایگەیاند"شۆڕشگێڕان بڕیارتانداوە لە 25ی ئۆكتۆبەری 2019 خۆپیشاندان بکەن، ئەمە یەكێكە لە مافەكانتان، بەڵام دەمەوێت پێتان بڵێم كە لە پشتی پەردە چی رودەدات".

سەدر دەڵێت،هه‌مو سیاسیه‌كان و كاربه‌ده‌ستانی حكومەت له‌ هه‌ڵچون و رێپێوانی گەل زەندەقیان چوە و توشی هیستیریا بون، هه‌مویان كه‌وتونه‌ته‌ خۆیان و كۆبونەوە ئەنجام دەدەن و خۆیان بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە كردوە و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن بەڵام چارەسەریان پێ نییە، ده‌یانه‌وێت بێده‌نگتان بكه‌ن لەرێگەی هه‌ندێك ده‌م چه‌وركردنەوە، وه‌ك دامه‌زراندن و موچه‌ و شتی دیكه‌.

سەرۆكی رەوتی سەدر باسی لەوەشكردوە،"ئەگەر دەتانەوێت ئازادبن لە وڵاتەکەتان دەبێ خۆتان لە گەندەڵی و گەندەڵکاران رزگاربکەن و چاوەڕوانی هیچ مەبن لە حکومەت، عێراق لە ئەستۆی ئێوەیە و بەفیڕۆی مەدەن و ئەگەر نەتانویست شۆڕش بکەن، ئەوا با شۆڕشی دیکەتان بەبێ بەشداری سیاسییەكانی ئێستا بەڕێگەی سندوقەکانی دەنگدان بێت".

لەو راگەیەندراوەدا، سەدر داواشی لە سوپای عێراق كردوە خۆپیشاندەران بپارێزن و دەڵێت،"نه‌كه‌ن لوله‌ی تفه‌نگه‌كانتان بكه‌نه‌ رۆڵه‌ و براكانتان، نه‌كه‌ن زیندانه‌كانیان پێ پڕ بكه‌ن، به‌ڵكو پڕی بكه‌ن له‌ گه‌نده‌ڵ".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP