تورکش ئێرلاین بە سڵاوى سەربازى پشتگیرى سوپاى تورکیا دەکات و بە بایکۆتکردن وەڵامدەدرێتەوە

- 10/19/2019 11:23:00 PM 31611 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هێڵى ئاسمانى تورکش ئێرلاین بەسڵاوى سەربازى پشتگیرى لەشکرکێشیەکەى تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤاکرد و لە بەرامبەردا روبەروى بایکۆتکردن دەبێتەوە لەلایەن هاوڵاتیانى کوردستان و کۆمپانیا گەشتیاریەکان و کۆمەڵێک شارى جیهانەوە.

لە چەند رۆژى پێشودا و بۆ پشتگیریکردنى لەشکرکێشى تورکیا بۆسەر رۆژئاڤاى کوردستان، کارمەندانى هێڵى ئاسمانى تورکش ئێرلاین بە سڵاوى سەربازى پشتگیرى خۆیانیان بۆ لەشکرکێشیەکەى تورکیا راگەیاند و لە بەرامبەردا لە لایەن بەشێکى خەڵکى هەرێمى کوردستان و کۆمەڵێک کۆمپانیاى گەشتیاریەوە بایکۆتى ئەو هێڵە فڕۆکەوانیە کرا.

لە سەرەتاى دەستپێکردنى لەشکرکێشیەکەى تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤاى کوردستان، لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لە شارى بەرشەلۆنەى کەتەلۆنیا و شارى ناپلیسى ئیتالیا و سانفرانسیسکۆى ئەمریکا هێڵى ئاسمانى تورکش ئێرلاین روبەڕوى بایکۆتکردن و داخستن بویەوە.

 

پاش ئەو هەڵوێستە لەلایەن چەند کۆمپانیایەکى گەشتیارى هەرێمى کوردستانەوە بە هەمو جۆرێک کارکردن لەگەڵ هێلى ئاسمانى تورکش ئێرلاین و وەرگرتنى ڤیزە و هۆتێل و ئۆفەرە گەشتیاریەکانى وڵاتى تورکیا بایکۆت کرا.

زەمیر هەرکى خاوەنى گروپى کۆمپانیاکانى زەردۆ لەپۆستێکیدا لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک رایگەیاند،" وەکو هەڵوێستێک بۆ براکانمان لە روژئاڤا وەکو خاوەنی گروپی کومپانیاکانی زەردۆ بڕیارمدا بە راگرتنی بڕینی تکت لەسەر هەمو هێڵە ئاسمانیە تورکیەکان وە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گروپاتەکانی تورکیا،ـ داوا لەگەشتیارانمان دەکەین کە بە هیچ هێڵێکی تورکی سەفەر نەکەن".

کۆمپانیاى فێرست تڕاڤڵ کە کۆمپانیایەکى گەشتیاریە لە بڵاوکراوەیەکیاندا رایانگەیاند،"بۆ ھەمیشە وە تا بەدەست ھێنانی مافی کورد لە تورکیاو بینینی روڕەشی تورکیا تکتی تورکش ئێرلایەنمان وەستاند".

کۆمپانیاى بێلا تڕاڤڵ لە چەند رۆژى پێشو رایانگەیاند، بڕیارماندا بەهەمو شێوەیەک گەشتی وڵاتی تورکیا راگرین، بەهیچ شێوەیە ڤیزا و تکت و هۆتێل گرتن و گروپی گەشتیاریمان نییە بۆ تورکیا.

لەنێو هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانیش بایکۆت کردنى ئەو هێلە ئاسمانیە تورکیە دەستى پێکردوە، هاوڵاتیان تورەیى خۆیان بەو هەڵوێستەى کارمەندانى هێڵە ئاسمانیە تورکیەکە دەردەبڕن.

هاوڵاتیەک بەناوى دیارى شێخ جەلال لە فەیسبوکى خۆى نوسیویەتى،" بەشانازیەوە هێڵى ئاسمانى عێراقیم هەڵبژارد بۆ سەفەرەکەم سەرەڕاى مامناوەندێتى لەخزمەتگوزاریدا و خۆمان بەدورگرت لە هەڵبژاردنى هێڵە تورکیەکان".

 

هاوڵاتیەکى دیکە بەناوى فەرمان فازڵ نوسیویەتى، تکتی فرۆکە ی تورکش ئێرلاین نە کڕن بە ١ دۆلار، با بە بەتاڵی ھاتوچۆی کوردستان بکات".

بەپێى زانیاریەکانى خەندان لە چەند رۆژى رابردودا ژمارەیەک لەگەشتەکانى کۆمپانیاکە لە شارەکانى هەولێر و سلێمانى بەهۆى کەمى گەشتیارەوە هەڵوەشاوەتەوە.

کۆمپانیاى هێڵى ئاسمانى تورکش ئێرلاین بە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانى تورکیا و بە یەکێک لە گەورەکانى نێو هێڵى ئاسمانى جیهانى دادەنرێت، لە ئێستادا فرۆکەکانى کۆمپانیاکە لە 126 وڵاتى جیهاندا گەشتیان هەیە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP