بەپەلە

لوبنان؛ دەیان هەزار خۆپیشاندەر رژانەسەر شەقامەکان
داوای چاکسازی و دەستلەکارکێشانەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە دەکەن

- 10/19/2019 11:00:00 AM 1606 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ماوەی دو رۆژە بە دەیان هەزار خۆپیشاندەر لە بەیروتی پایتەختی لوبنان و شارەکانی باشوری ئەو وڵاتە بەمەستی چاکسازی و دورخستنەوەی هەمو "دەموچاوە سیاسیە بێزراوەکان" و دەستلەکارکێشانەوەی سێ سەرۆکایەتیەکە خۆپیشاندان دەکەن، بەهۆی روبەڕوبونەوەی پۆلیس و خۆپیشاندارەنیش تا ئەمڕۆ 250 کەس  لە هەردولا برینداربون.
هۆکاری خۆپیشاندانەکان بۆ هەڵاوسانی دۆخی ئابوری وڵات، پێشنیازێکی حکومەت بۆ دانانی باج لەسەر هێڵەکانی پەیوەندکردن بەرزبونەوەی نرخی پێداویستیە سەرەتاییەکانی خەڵکی دەگەڕێتەوە

 

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا باسی لەوەکردوە، کە هۆکاری خۆپیشاندانەکان بۆ هەڵاوسانی دۆخی ئابوری وڵات، پێشنیازێکی حکومەت بۆ دانانی باج لەسەر هێڵەکانی پەیوەندکردن لە رێگەی ئنتەرنێتەوە و بەرزبونەوەی تێکڕای نرخی پێداویستیە سەرەتاییەکانی خەڵکی دەگەڕێتەوە، بۆ یەکەمجاریشە هاوڵاتیانی شیعە مەزهەب پەلاماری بارەگاکان حزبوڵا دەدەن لە باشوری لوبنان.
هاتوینەسەر شەقام چونکە دەسەڵاتێکی گەندەڵمان هەیە و ئایندە خۆمان و نەوەکانمان دیار نیە

 

فادی عیسا تەمەن 51 ساڵ یەکێک لە خۆپیشاندەران بە ئاژانسەکەی راگەیاندوە، "هاتوینەسەر شەقام چونکە دەسەڵاتێکی گەندەڵمان هەیە و ئایندە خۆمان و نەوەکانمان دیار نیە، ژیانمان زۆر سەختە و ئەوانەی حکومڕانیمان دەکەن هیچ کارێک بۆ بەرژەوەندی ئیمە ناکەن، ئەوانە پیاوی رێککەوتن و مامەڵەی بازگانین".
ئەوەی ئێمە داوای دەکەین دەستلەکارکێشانەوەی دەموچاوە سیاسییەکانە و لێپرسینەوەیە لێیان

 

دەشڵێت، "ئەوەی ئێمە داوای دەکەین دەستلەکارکێشانەوەی دەموچاوە سیاسییەکانە و لێپرسینەوەیە لێیان، پێویستە دۆخی وڵات بگۆڕێت، گەل دەتوانێت دۆخەکە بگۆڕێت".

رۆژی پێنجشەممە وەزیرێک لە حکومەتی لوبنان رایگەیاند، حکومەت دەخوازێت بە بەهای 20 سەنت رۆژانە باج بخاتە سەر پەیوەندییە دەنگییەکان کە لە رێگەی ئیتەرنێتەوە وەکو واتسئەپ و فەیسبوکەوە ئەنجام دەدرێن، ئەوەش ناڕەزایی دانیشوانی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە و ماوەی دو رۆژە دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە.
ماوەی 72 کاتژمێرمان بۆ هاوپەیمانەکانمان داناوە کە لە دروستکردنی بەربەست بۆ ئەنجامدانی چاکسازی بوەستن، ئەگەر نا رێکاری جیاواز دەگرینەبەر

 

سەبارەت بە داواکاری خۆپێشاندەران سەعد حەریری، سەرۆک وەزیرانی لوبنان لە پەیامێکدا هاوپەیمانەکانی لە حکومەت بە دروستکردنی بەربەست بۆ چاکسازی تۆمەتنارکرد و وتی، "ماوەی 72 کاتژمێرمان بۆ هاوپەیمانەکانمان داناوە کە لە دروستکردنی بەربەست بۆ ئەنجامدانی چاکسازی بوەستن، ئەگەر نا رێکاری جیاواز دەگرینەبەر کە لەناویاندا دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت هەیە".

خۆپیشاندانەکانی لوبنان بە گەورەترین خۆپیشاندانی وڵاتەکە دادەنرێت، دوای شۆڕشی وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی 2011 کە بوەهۆی دورخستنەوەی چوار سەرۆک وڵات و رژێمەکانیان، بە جۆرێک خۆپیشاندەرانی لوبنان داوای لە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک کۆمار (کە لە پێکهاتەی مەسیحییە) و سەرۆکی پەرلەمان (نوێنەری پێکهاتەی شیعیە) لەگەڵ رۆشتنی حکومەت کە حەریریە و نوێنەرایەتی پێکهاتەی سونە لەو وڵاتەدا دەکەن.
نەتەوەیەکگرتوەکان داوای لە خۆپیشاندەران، هێزە ئەمنیەکان، حکومەت و پەرلەمانی ئەو وڵاتە کردوە خۆیان لە هەر کردەوەیەک بپارێزن کە دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربونی دۆخەکە

 

لایخۆشیەوە نەتەوەیەکگرتوەکان داوای لە خۆپیشاندەران، هێزە ئەمنیەکان، حکومەت و پەرلەمانی ئەو وڵاتە کردوە خۆیان لە هەر کردەوەیەک بپارێزن کە دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربونی دۆخەکە.

لەلایەکی تریشەوە هەر یەک لە سعودیە، کوەیت، ئیمارات و بەحرەین داوایان لە هاوڵاتیانیان کرد گەشت بۆ لوبنان نەکەن، ئەوەش بەهۆی دروستبونی گرژیی لە خۆپیشاندانەکاندا.

لوبنان لە ساڵانی 1975 و 1990 شدا بەهۆی شەڕەوە ئابورییەکەی توشی لاوازی بوە، هەروەها ململانێی هێزە مەزەهبییەکان "بەتایبەت هێزە شیعی و سونییەکان" زیانی بەگەشەی ئەو وڵاتە گەیاندوە و روبەڕوی نائارامی کردوەتەوە، بەجۆرێک لە ئێستادا رێژی بێکاری لەناو گەنجانی لوبنانی کە تەمەنیان لە خوار 35 ساڵیدایە گەیشتوەتە %37.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP