"خۆری دەرچونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا هەڵهات"
پەرلەمانی بریتانیا دەنگ لەسەر رەشنوسی رێککەوتننامەکەی جۆنسن دەدەن

- 10/19/2019 10:34:00 AM 9244 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-        

ئەمڕۆ بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، رەشنوسی رێککەوتننامەکەی دەخاتە بەردەم پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی، کە لەدانیشتنێکی نائاساییدا بۆ بڕیاردان لەسەر دەرچونی بریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا کۆدەبنەوە.
جۆنسن هەمو هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندنی پەرلەمانی وڵاتەکەی لەسەر رەشنوسی ئەو رێککەوتننامەیەی، کە یەکێتی ئەوروپا رەزامەندی لەسەر دەربڕی

 

سێ ساڵ بەسەر راپرسییەکەی بریتانیادا بۆ دەرچون لە یەکێتی ئەوروپا تێدەپەڕێت، کە تیایدا لەسەدا 52ی بریتانییەکان دەنگیان بە بەڵێدا بۆ دەرچونی وڵاتەکەیان لەیەکێتی ئەوروپا، لەئێستادا بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا هەمو هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندنی پەرلەمانی وڵاتەکەی لەسەر رەشنوسی ئەو رێککەوتننامەیەی، کە رۆژی پێنجشەممە یەکێتی ئەوروپا رەزامەندی لەسەر دەربڕی.
جۆنسن دەنگدانی ئەمڕۆی پەرلەمانی بە کۆتا دەرفەت ناوبردوە

 

17ی ئەم مانگە جۆنسن دەنگدانی ئەمڕۆی پەرلەمانی بە کۆتا دەرفەت ناوبرد، بۆ دڵنیابونەوە لە دەرچونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەلەر لەلایەن بریتانیاوە ئەو رێککەوتننامەیە رەتکرایەوە، ئەوا بەیاسا جۆنسن ناچاردەکرێت بە داواکردنی ماوەیەکی دیکە بۆ دەرچون لە یەکێتی ئەوروپا، کە 31-ی ئەم مانگە دوا وادەیەتی.
جۆنسن سورە لەسەر ئەوەی بریتانیا لە 31ی ئۆکتۆبەردا لەیەکێتی ئەوروپا بچێتەدەرەوە

 

جۆنسن سورە لەسەر ئەوەی بریتانیا لە 31ی ئۆکتۆبەردا لەیەکێتی ئەوروپا بچێتەدەرەوە، بەڵام چۆنێتی رودانی ئەم کارەی روننەکردوەتەوە.
ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە کە یەکێتی ئەوروپا جێدەهێڵین
لە مانشێتی رۆژنامەکانی ئەمڕۆی بریتانیادا لەسەر زاری جۆنسنەوە کۆمەڵێک ناونیشانی وەک "خۆری دەرچونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا هەڵهات"، "ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە کە یەکێتی ئەوروپا جێدەهێڵین"، یان "برێکزیت گەیشتە کۆتا وێستگەی" لەگەڵ چەندەها مانشێتی دیکەدا بڵاوکراونەتەوە.
لەناو پەرلەمانتارەکانی بریتانیادا، ژمارەیەکی کەم بەرهەڵەستی لە رەشنوسی رێککەوتنەکەی جۆنسن دەکەن

 

لەناو پەرلەمانتارەکانی بریتانیادا، ژمارەیەکی کەم بەرهەڵەستی لە رەشنوسی رێککەوتنەکەی جۆنسن دەکەن، بەڵام هێشتا پێویستە لەسەر سەرۆک وەزیران رەزامەندی 320 پەرلەمانتار بەدەستبهێنێت بۆ بەردەوامیدان بە رێککەوتنەکەی برۆکسڵ.

کۆبونەوەکەی پەرلەمان کاتژمێر 8:30 خولەک بەکاتی بریتانیا و 11:30 خولەک بەکاتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، جۆنسن وتاری خۆی پێشکەش دەکات، لە دوای گفتوگۆ و دەنگدان، ئەگەر روداوەکان بەگوێرەی پلانەکەی حکومەتی بریتانیا بەڕێوەچو، ئەوا لەکۆتایدا بریتانیا بەڕێککەوتن لە یەکێتی ئەوروپا جیادەبێتەوە.

نیشانەکردن :

#برێکزیت_Brexit

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP