بەپەلە

لەساڵیادی چلەی ماتەمینی ئیمام حسێن
سەرۆک بەرھەم: جگە لە رێگەی بنیادنان و چاكسازی هیچ رێگەیەكی دیكەمان لەبەردەم نیە

- 10/18/2019 3:48:00 PM 2160 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ، سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە ساڵیادی چلەی ئیمام حسێن وتارێكی پێشكەشكردو رایگەیاند،"ئەم بۆنە پیرۆزە یەكیخستوین بۆ بەرەنگاربونەوەی ئاڵەنگاری و ئاستەنگەكان كە وڵاتەكەمان و گەلەكەمان روبەروی دەبێتەوە لەم دۆخە زریاناوییەی ناوچەکەدا". 

سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند،"هیچ رێگەیەكی ترمان لە بەردەم نییە جگە لە رێگەی بنیادنان و چاكسازی نەبێت لە وڵاتەكەماندا"


دەقی وتاری سەرۆک کۆمار: 

بەناوی پەروەردگاری بەخشندە و میهرەبان

هەموو ساڵێك، لەم رۆژەدا، ئازادیخوازەکان بەرەو باوكی ئازادی ئیمام حسێن سەلامی خوای لێبێت هەنگاو دەنێن.

ئەوان پێكەوە بە یەك دڵ و ویستی نیشتمانی و بیروڕایەكی قوڵەوە هاوتەریب لەگەڵ بەها پیرۆزەكان بە كرنوشەوە هەنگاوەكانیان دەنێن كە یەكانگیری و پێكەوەیی ئەوان بەهێزتر دەكات، هەمو ساڵێك ئەو پەیامە دووپات دەكەنەوە كە بەرەو حسێن سەلامی خوای لێ‌ بێت ریز دەبەستن وەك ئیمامێك كە نمونە و سیمبولی هەژاران و نەداران و سەكۆیەكە بۆ رەنجەدەرانی نیشتمانی.

ئیمام حسێن سەلامی خوای لەسەر بێت فێریكردین چۆن زاڵ بین بەسەر ئاستەنگ و جیاكارییەكان و بەرگری لە خۆكردن و لە نیشتمان و مرۆڤایەتی و پێویستە بڵێین كە چۆن داواكاری خۆی دەربڕی و دەنگی بڵند كرد بۆ ئەوەی چاكسازی بكرێت.

مرۆڤ و نیشتمان بەها بەرزە پیرۆزەكان ئامانجی مەزنن كە شۆڕشی حسێن سەلامی خوای لێ‌ بێت خوڵقاوە لە نێو ژیانی شۆڕشگێران و ئازادیخوازاندا.

ئەم ئەو ئیمامەیە كە لە ویژدانی عێراقییەكاندایە بە بێ‌ جیاوازی پێكهاتە و ئاینەكانیان، بەم شێوەیە عاشورا و دواتریش ساڵانە چلە دەكرێتەوە كە بریتیە لە بە زیندو راگرتنی بەهاكانی حسین و بەهای پاڵەوانێتی و بەهای بیر و ویژدان لە پێناو چاكە و خۆشەویستی و ئاشتیدا.

ئەم ساڵیش چلە بە خێر دێنینەوە، هەمووان ئومێدە دەكەین كە ویستمان یەكبخات بۆ پارێزگاریكردن لە نیشتمانەكەمان و پابەندبوون بە چاكسازی و بەگژداچونەوەی گەندەڵی كە خێر و بێری بۆ نیشتمان و مرۆڤ تیادا بێت.

ئەم بۆنە پیرۆزە یەكیخستوین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگاری و ئاستەنگەكان كە وڵاتەكەمان و گەلەكەمان رووبەرووی دەبێتەوە لەم دۆخە زریاناوییەی ناوچەکەدا. 

پارێزگاری لە وڵاتەكەمان دەكەین و جەخت دەكەینەوە لە پێویستی چڕكردنەوەی هەوڵەكان بەرەو چاكسازی.

پابەند و نزیك دەبین لە گەنجەكانمان و داواكاری و مافە رەواكانیان بە هەند وەردەگرین وەك چۆن پابەندین بە ئاسایش و ئارامی بۆ ئەوەی داواكاری هاووڵاتییەکانمان بەرەو بەدیهێنانی دادپەروەری و ژیانێكی شكۆمەند جێ‌ بەجێ‌ بكەین.

لە چلەی شەهیدبوونی حسێن سەلامی خوای لێ‌ بێت دەستی ھەموو ئەو کەسانە دەگوشین کە داوای چاكسازی دەکەن ھەروەھا دەستی گەنجەكانمانیش كە داوای مافەكانیان دەكەن و ئاڵای عێراق بەرز دەكەنەوە، دەستی هێزە ئەمنییەكانمان دەگوشین لە پارێزگاریكردن و بەرگریكردنیان لە دامەزراوە گشتی و تایبەتەكان.

یادی لەدەستدان و شەهیدبوونی خۆپیشاندەران و بەرگریكاران لە هێزە پاڵەوانەكانمان دەكەینەوە و لە یادیان ناكەین، بە ویژدان و رێزە و دەروانینە قوربانیدانی خانەوادەكانیان.

لە یادی سەرداری شەهیداندا هەموو جۆرە كوشتن و چەوساندنەوە و لە باربردنێك رەت دەكەینەوە.

لەم ساڵیادە مەزنەدا جەخت دەكەینەوە كە هیچ رێگەیەكی ترمان لە بەردەم نییە جگە لە رێگەی بنیادنان و چاكسازی نەبێت لە وڵاتەكەماندا.

گەلی عێراق شایستەی باشترن.

ئەركی ئێمەیە ریزەكان یەكبخەین و ئیلهام وەربگرین لە شۆڕشی ئیمام حسێن و سەركەوتن بۆ چەوساوە و خێر لە خۆنەدیوەكان بەدەست بێنین.

سەركەوتنیش بۆ عێراق

سڵاو سەلامی پەروەردگارتان لێ‌ بێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP