پارێزەری تایبەتی لانە محەمەد بۆ خه‌ندان ده‌دوێت
وردەكاری "كێشەكانی نێوان ئامانج بابانی و هاوژینه‌كه‌ی" ئاشكراده‌كات

- 10/17/2019 7:12:00 PM 472898 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پارێزەری تایبەتی لانە محەمەد، پێشكه‌شكار و رۆژنامه‌نوس كە شەوی رابردو لە روداوێكدا لەگەڵ ئامانج بابانی و منداڵه‌كه‌یاندا گیانیان له‌ده‌ستدا باس له‌ كێشه‌كانی نێوان ئه‌و دو هاوژینه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت، له‌ماوه‌ی ساڵێكدا "دوجار بریكارنامه‌ی له‌ لانه‌ وه‌رگرتوه‌ بۆ جیابونه‌وه‌ له‌ ئامانج بابانی".

شەوی رابرو هەردو رۆژنامەنوسی دیاری کوردستان ئامانج بابانی و لانە محەمەد و مناڵەكەیان لە روداوێکدا لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیاندا بەهۆی بەرکەوتنی گوللەوە گیانیان لەدەستدا، پۆلیسی سلێمانیش رایگەیاند، "روداوەکە خۆکوژیی بوه‌".

پارێزەر، سەیران عەبدولرەحمان ساڵح، بریكاری تایبەتی رۆژنامەنوس لانە محەمەد لە لێدوانێكی تایبەتدا سەبارەت بە ناكۆكیی ئەو دو رۆژنامەنوسە رایگەیاند، "ئەمە بۆ دوەمینجاربو من ببمە بریكاری رۆژنامەنوس لانە محەمەد، كه‌ داوای جیابونەوەی لە ئامانج بابانی دەكرد".

لە كۆتایی مانگی 10ی 2018 یەكەمین جار لەسەر داوای رۆژنامەنوس لانە محەمەد، داوای جابونەوەمان بۆ بەرزكردەوە بۆ دادوەر، بەڵام لە 30 ی 12ی 2018 رێككەوتنەوە و كەیسەكەیان داخرا

 

سەیران عەبدولرەحمان وتیشی، "لە كۆتایی مانگی 10ی 2018 یەكەمین جار لەسەر داوای رۆژنامەنوس لانە محەمەد، داوای جابونەوەمان بۆ بەرزكردەوە بۆ دادوەر، بەڵام لە 30 ی 12ی 2018 رێككەوتنەوە و كەیسەكەیان داخرا".

لانە هەمو جارێك وتویەتی ئێمە ناگونجێین پێكەوە، نەگونجانەكەشیان پەیوەندی بە خیانەتی زەوجیەوە، یان كێشەی دارایی نەبو

 

پارێزه‌ره‌كه‌ی لانه‌ محه‌مه‌د وتیشی، "دوای شەش مانگ جارێكی دیكە لەسەر داوای لانە  لە 10/6/2019 داوای جیابونەوەمان بۆ بەرزكردەوە، لەوماوەیەدا تا كاتی روداوەكە سێ جار دانیشتنی دادگایان هەبو، بەڵام هیچ جارێك ئامانج بابانی بەشداریی دانیشتنەكانی نەكرد".

دواین دانیشتنیان لەگەڵ توێژەری كۆمەڵایەتی بو كە دواتر توێژەرەكە راپۆرتی خۆی بەرزركردەوە و تیایدا نوسیبوی كە باشترین شت جیابونەوەیە

 

ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەرو، "لانە هەمو جارێك وتویەتی ئێمە ناگونجێین پێكەوە، نەگونجانەكەشیان پەیوەندی بە خیانەتی زەوجیەوە، یان كێشەی دارایی نەبو، دواین دانیشتنیان لەگەڵ توێژەری كۆمەڵایەتی بو كە دواتر توێژەرەكە راپۆرتی خۆی بەرزركردەوە و تیایدا نوسیبوی كە باشترین شت جیابونەوەیە".

بەگوێرەی وتەكانی لانە، ماوەی 9 مانگ بوە، بەهیچ شێوەیەك پێكەوە نەژیاون و بەجیا ژیاون

 

روداوی گیانله‌ده‌ستدانی ئامانج بابانی و هاوژین و منداڵه‌كه‌یان له‌ كوردستاندا كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیداهێنا، هه‌رزو ده‌زگا ئه‌منییه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌ستپێكرد، هاوكات له‌ ئاستی باڵادا حكومه‌ت داوای ئاشكراكردنی به‌په‌له‌ی ورده‌كاری رووداوه‌كه‌ی كرد.

 لەماوەی ئەو 9 مانگە نەك لە من تەنانەت ئامانج لە منداڵەكەشی نەپرسیوەتەوە

 

پارێزه‌ره‌كه‌ی لانه‌ محه‌مه‌د بۆ خه‌ندان وتیشی، "بەگوێرەی وتەكانی لانە، ماوەی 9 مانگ بوە، بەهیچ شێوەیەك پێكەوە نەژیاون و بەجیا ژیاون، تەنانەت لانە لەپێناوی جیابونەوەی لە ئامانج بابانی ئامادەیی خۆی دەربڕی كە دەستبەرداری هەمو مافە یاساییەكانی ببێت، پێشی وتین كە لەماوەی ئەو 9 مانگە نەك لە من تەنانەت ئامانج لە منداڵەكەشی نەپرسیوەتەوە، بەڵام هەمو جارێك ئامانج وتویەتی، كە بەهیچ شێوەیەك ئامادە نیم دەستبەرداری ببم و رەتیكردوه‌تەوە كە تەلاقی بدات".

بڕیاربو رۆژی 20ی 10ی 2019 جارێكی دیكە دانیشتنی دادگا لەسەر كەیسەكە بەڕێوە بچێت

 

باسی له‌وه‌شكرد، "بڕیاربو رۆژی 20ی 10ی 2019 جارێكی دیكە دانیشتنی دادگا لەسەر كەیسەكە بەڕێوە بچێت، دوای ئەو دانیشتنە بە دو دانیشتنی دیكە كەیسەكە كۆتایی دەهات و حاكم بڕیاری جیابونەوەكەی پەسەند دەكردن، بەڵام بەداخەوە روداوەكە نەیهێشت كەیسەكە بگاتە ئەنجامی كۆتایی خۆی".

دوای روداوه‌كه‌ی شه‌وی رابردو، دامه‌زراوه‌ی میدیایی خه‌ندان وه‌ك ئه‌ركێكی پیشه‌یی و بۆ یه‌كه‌مجار راستی گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و دو رۆژنامه‌نوسە دیاره‌ی كوردستانی له‌ زاری  سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرسی ئه‌منییه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌، به‌یانی ئه‌مڕۆ پۆلیسی سلێمانی زانیاریه‌كانی خه‌ندان-ی به‌پشتبه‌ستن بە راپۆرتی پزیشكی پشتڕاستكرده‌وه‌.

بە بڕوای من ئەو كەیسە تیرۆر نەبوە، بەڵكو خۆكوژی بوە، بەڵگەكان دەیسەلمێنن كە خۆكوژی بوە و ئەو كێشانەی لەماوەی رابردودا هەبون پشتڕاستی دەكەنەوە كە خۆكوژی بوە

 

سەبارەت بەوەی كە هەندێك دەزگا و لایەن وتویانە كەیسەكە روداوێكی تیرۆر بوە، پارێزه‌ره‌كه‌ی لانه‌ محه‌مه‌د وتی، " بە بروای من ئەو كەیسە تیرۆر نەبوە، بەڵكو خۆكوژی بوە، بەڵگەكان دەیسەلمێنن كە خۆكوژی بوە و ئەو كێشانەی لەماوەی رابردودا هەبون پشتڕاستی دەكەنەوە كە خۆكوژی بوە".

دامه‌زراوه‌ی میدیایی خه‌ندان وه‌ك ئه‌ركێكی پیشه‌یی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ بنكۆڵكردنی پرسه‌ گرنگه‌كانی كوردستان، به‌ راستگۆیی و هاوسه‌نگی و بوێرییه‌وه‌ به‌ دروشمی "هه‌میشه‌ پێشه‌نگین" راستی روداوه‌كان وه‌ك خۆی ئاشكراده‌كات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP