کۆشکی سپی: سزاکانی سەر تورکیا بۆ کۆنترۆڵکردنی هەنگاوەکانی ئەو وڵاتەیە و سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنین

- 10/17/2019 4:22:00 PM 7441 جار خوێندراوەتەوە



خەندان-
کەمێک بەرلەئێستا، راوێژکاری کۆشکی سپی رایگەیاند، سزاکانی سەر تورکیا بۆ کۆنترۆڵکردنی هەنگاوەکانی ئەو وڵاتەیە و سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنن.

کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ راگرتنی لەشکرکێشییەکەی تورکیا، ناچارکردنی بۆ گەڕانەوە بۆ ناو سنورەکانی وڵاتەکەی سزا ی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندوە و سزاکانیشی زیاد دەکات.

بەپێی هەواڵێکی روسیا تودەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە،  لاری کۆدلۆ، راوێژکاری کاروباری ئابوری کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند"بۆ ناچارکردنی تورکیا بۆ گەرانەوە بۆ ناو سنوری وڵاتەکەی، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کۆمەڵێک سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندوە، بەردەوامیش دەبین لە زیادکردنی سزاکانمان، تا ئەوکاتەی لەشکرکێشیەکەی تورکیا لەڕۆژئاڤای کوردستان دەوەستێنرێت".

ئەم هەرەشانەی کۆشکی سپی ئەمریکا، لەپاش چەند خولەکێک لە دەستپێکردنی کۆبونەوەی نێوان مایک بینس، جێگیری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و رەچەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دێت، کە بەگوێرەی زانیارییەکان، مەبەستی لەم سەردانەی قایلکردنی سەرۆکی تورکیایە بۆ راگرتنی ئەو لەشکرکێشیەی کە لەدژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامیداوە.

رۆژی دوشەممەی رابردو لە بەیاننامەیەكدا كە نوسینگەی دۆنالد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بڵاویکردەوە، باسلەوەکرا کەبەشێوەیەكی دەستوبرد سزای گەورەی توركیا دەدەین بە جۆرێك بەبەهای 100 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ توركیا رادەگرین.

ترەمپ راشیگەیاندبو"بەشێكی دیكەی سزاكان سەپاندنی زیادكردنی باجی گومرگی هاوردەكردنی ئاسنە بۆ توركیا بە رێژەی 50٪ و سەپاندنی سزا بەسەر هەمو بەرپرسەكانی ئێستا و پێشوی حكومەتی توركیا و هەر كەسێكی دیكەش كە بەشداربوبێت لە ناسەقامگیری باكوری سوریا(رۆژئاڤای كوردستان).
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP